هەولێر بووە یەکەم شاری هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی نوێی شارەوانی پێبکهێنێت
تەمەنی ئەنجوومەنی پێشوو نزیکەی 18 ساڵ بوو
K24 - هەولێر
دوای 18 ساڵ، ستافی نوێی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر گۆڕدرا و ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ئەنجامدا.
بۆ یەکەمجارە لەسەر راسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەری، سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی 30٪ـی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنن و نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا دەبێت، بۆ ئەوەی دەنگی هاووڵاتییان بە ئاسانتر بە ئەنجوومەنی شارەوانی بگات.
هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی نوێی شارەوانیی هەولێر پێش کۆبوونەوەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و باسی چاوەڕوانیی خۆیان کرد بۆ چۆنییەتی کارکردنی ئەنجوومەنی نوێی شارەوانی.
ساسان عەونی گوتی "هیوادارین بەمزووانە لە شار و قەزاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی نوێی شارەوانی دەستبەکار ببن. بێگومان لەدوای نەگۆڕانی ئەنجوومەنی شارەوانی بۆ ماوەی نزیکەی 18 ساڵ، ئەمە وەرچەرخانێکی باش دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکخستن وپلاندانانی کاری باش لەپێناو خەڵکی پایتەخت".
هەولێر بووە یەکەم شاری لە هەرێمی کوردستان کە ئەنجوومەنی نوێی شارەوانیی هەڵبژارد، 70٪ـی ئەنجوومەنەکە لە بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسی یەکەمی فەرمانگەکانی هەولێر پێکهاتوون.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئێمە، وەکو پارێزگای هەولێر، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانیانین لەپێناو پارێزگاریکردن لە موڵکی شارەکەمان، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر بکەن و رۆتینیات کەمبێتەوە. دەبێت ئەو ئەنجوومەنە ماندوونەناسانە کاربکات بۆ ئەوەی سەرەتایەکی نوێ بێت و مامەڵەکانی هاووڵاتییان زۆر بە خێرایی جێبەجێ بکرێن".