زیاتر لە هەزار قوتابخانەی عێراق مەترسی ڕووخانیان لەسەرە

یەکێک بوو لەو قوتابخانەنەی چەندین ساڵ سێ دەوامی تێیدا دەکرا، بەهۆی کۆنی باڵەخانەکە بە بڕیار، ڕووخێندراوە و نۆژەندەکرێتەوە، بەڵام پێش ساڵی نوێی خوێندن تەواو ناکرێت، زۆربەی قوتابخانەکانی بەغدا ڕۆژانە سێ دەوامی تێدا دەکرێت و لە هەر دەوامێک ڕۆژانە تەنیا سێ کاتژمێر وانە دەوترێنەوە. بەهۆی کۆنی باڵەخانەکە لە گەڕەکی حورییەی بەغدا، بەشێکی زۆریان مەترسیی دارووخانیان لەسەرە.

جاسم ڕەزا، هاووڵاتی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم قوتابخانانە 40 بۆ 50 ساڵە دروستکراون و زۆر وێرانن، هەمووی سێ دەوامی تێدا دەکرێت، خوێندن لێرە زۆر خراپە قوتابی نازانێت بۆ کوێ بروات، بەحوکمی گەرەکەکە هەموو قوتابییەکان دەبێت لێرە بخوێنن خۆ نارۆن بۆ گەرەکێکی دیکە."

مستەفا سەعدی، هاووڵاتی دەڵێت: "ئێرە شەقامی قوتابخانەکانی پێدەگوترێت، هەموو قوتابخانەکان کە ناوی قوتابخانەیەکی لەسەرە دوو دەوامی تێدا دەکرێت، یانی چوار دەوام لەیەک قوتابخانەیە، ئەمە بەدڵنیایەوە کاریگەری لەسەر قوتابی دەبێت."

زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی لە عێراق دەخوێنن، ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و 200 هەزار قوتابی نوێ تۆمارکراون. هەروەها 28 هەزار قوتابخانەش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق تۆمارکراون، بەڵام تەنیا 18 هەزار باڵەخانەی قوتابخانە هەیە. مەترسی داڕووخان لەسەر زیاتر لە هەزار قوتابخانە هەیە، لەو ژمارەیەش هەزار قوتابخانە بە کەرەڤانەکان و 100 قوتابخانە بە قوڕ دروستکراون.

پێشتر قوتابخانەیەکی لە کەرەڤانە دروستکراو بوو، بەڵام ئێستا قوتابخانەیەکی سەردەمیانە لە شوێنەکەی دروست دەکرێت، کە ڕووبەرەکەی چوار هەزار مەتر چوار گۆشەیە، 12 پۆلی خوێندن و هۆڵێکی گەورە و و باخچە و یاریگای تێدایە، لە ماوەی شەش مانگی دیکە تەواو دەبێت، نزیکەی 300 قوتابی دەتوانێت تێیدا بخوێنێت، هەوڵیش دەدرێت قوتابخانەی دوو دەوامی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت.

لوقمان سەعیدم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر گوتی: لە پەرەوەردەی هەولێر 55 قوتابخانە دروستکراوە، بۆ ئەمساڵیش 13 قوتابخانەی دیکە ئامادەیە و کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی قوتابیان تێیدا بخوێنن، گوتیشی: 103 ژوور بۆ قوتابخانەکان زیاد کراون، بەمەش فشارێکی زۆر لەسەر قوتابخانەکان کەمکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە درێژەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانراوە لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر 300 قوتابخانە نۆژەنبکرێتەوە، هەروەها بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانرابوو توانیمان لە سنووری بەڕێوەبنەرایەتیمان سێ دەوامی نەهێڵین.

هەر قوتابخانەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت یان نۆژەن دەکرێتەوە، بە پێوەری پێشکەوتوو و سەردەمیانە دەکرێن، ژمارەی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە 6800 باڵەخانە، 214 قوتابخانەی نوێ دروستکراون 629 پۆل و هۆڵی نوێ دروست کراون، هەزار و 680 قوتابخانەش نۆژەنكراونەتەوە، قوتابخانە سێ دەوامییەکانیش لە 139وە کەمکراونەتەوە بۆ 11 قوتابخانە، کار دەکرێت ئەوانیش بکرێنە دوو دەوامی و دواتر یەک دەوامی.

زیاتر ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەریمی کوردستان تۆمارکراون، بڕیارە لە ڕێی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریی نیشتمانییەوە، لە داهاتوو سمارت بۆرد و داتا شۆ لە قوتابخانەکان بەکار بهێنرێت.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment