ماددەی هۆشبەر بە باڵۆن لە سووریاوە دەگوازرێتەوە ئوردن

نیزال ئەبوزێد، توێژەری ستراتیژی ئوردنی ڕایگەیاند: شێوازی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە بۆ ئوردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆر کەمبووەتەوە.
ئەو توێژەرە ستراتیژیە ئاماژە بەوە دەکات، قاچاخچیانی ماددەی هۆشبەر هەوڵ دەدەن تەکنیکی نوێ لە گواستنەوەی حەبی کەپتاگۆن بەکاربێنن، دوا هەوڵیشیان ئەوەبووە، بە باڵۆن ماددەی هۆشبەریان لە سووریاوە گواستووەتەوە ئوردن.
دوێنێ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئوردن ڕایگەیاندبوو، شکستیان بە هەوڵێک هێناوە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە بۆ ئوردن لەڕێگەی باڵۆنەوە، نیزال ئەبوزێد، توێژەری ستراتیژی ئوردنیش دەڵێت: ئێستا قاچاغی چەک ناکرێت، بەڵکو سەرنجەکە چووەتە سەر بازرگانیی پێکردن و قاچاخچیەتی ماددەی هۆشبەر و حەبی کەپتاگۆنە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئوردن.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا کۆنتڕۆڵکردنی سنووری نێوان ئوردن و سووریا، بە تایبەت لە ناوچەی سەلخەد لە سووریا کە درێژ دەبێتەوە بۆ سێگۆشەی سنووری ئوردن و سووریا و عێراق و ڕووبەرەکەی نزیکەی 250 کیلۆمەتر دەبێت، زۆر زەحمەتە.