وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاری هەڵەبجە دا

پارێزگاری هەڵەبجە، چەند داواکارییەکی پارێزگاکەی گەیاندە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوکات وەزیری ناوخۆش ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەکان دا.

چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سەردانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

پارێزگاری هەڵەبجە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، چەند داواکارییەکانی تایبەت بە هەردوو شەهیدی ژینگە، ئاری موختار و محەمەد شێخ حەیدەر، کە لە ئاگرەکەی ئەم دواییەی ناوچەکەدا شەهید بوون، گەیەنرایە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، داواکارییە پێشکەشکراوەکان بریتیبوون لە؛ بە فەرمی ناساندنی شەهیدی قارەمان ئاری موختار جەمال وەک "شەهید" و بڕینەوەی مووچەیەکی شایستە بۆ بنەماڵە سەربەرزەکەی. هەروەها، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهید محەمەد شێخ حەیدەر، پێشنیاز کرا ناوی "بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ" بگۆڕدرێت بۆ "بنکەی پۆلیسی شەهیدی ژینگە محەمەد شێخ حەیدەر".

لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆ دەستبەجێ ڕەزامەندیی خۆی لەسەر سەرجەم داواکارییەکان نیشاندا و هاوکات، جارێکی دیکە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دووپات کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاس و پێزانینێکی زۆری ئاراستەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  و وەزیری ناوخۆ کرد، بەرانبەر بەو پەیوەندییە بەردەوام و پشتیوانییەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕووداوی ئاگرەکەدا پێشکەشیان کرد و هاوکار و پاڵپشت بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment