لە ئاکرێ هەڵمەتێک بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی 'تای خوێنبەربوون' بەڕێوەدەچێت
بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری ئاکرێ، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەرزی و بەتایبەت تای خوێنبەربوون، لە ئاژەڵان دەستپێکردووە. ئەم هەڵمەتە 25 ڕۆژ دەخایەنێت و ئامانجی پاراستنی ئاژەڵان و دڵنیابوون لە تەندروستی گشتییە لە ناوچەکەدا.
ئەم هەڵمەتە پێکدێت لە شووشتن و دەرمانکردنی ئاژەڵەکان، لێدانی دەرزی، و ڕشاندنی دەرمان بەسەر ئاژەڵاندا بۆ لەناوبردنی گەنە و قڕقشان، کە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان. ئاژەڵدارانی ناوچەکە، کە ژیانیان بەندە بە ئاژەڵەکانیانەوە، بە گەرمی پێشوازییان لەم هەڵمەتە کردووە و بە کارێکی باش و پێویستی دەزانن بۆ پاراستنی مەڕوماڵاتەکانیان لە نەخۆشییەکان و ڕێگریکردن لە زیانی ئابووری.
ئاژەڵدار وەلید سەباح، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە ئێمە لەگەڵ ئاژەڵەکانمانداین و زۆر گرنگە کە ئەم نەخۆشیانە زیان بە ئاژەڵەکانمان نەگەیەنن، چونکە بژێوی ژیانی ئێمە لەسەر ئەوانە. کاتێک دەرمانیان لێ دەدرێت، باشتر دەبن و زیانمان پێ ناگەیەنن." هەروەها حەبیب مستەفا، ئاژەڵدارێکی دیکە، ئاماژەی بەوەدا "کارێکی زۆر باشە، چونکە هەر ساڵێک لە پاییزی و بەهاریش ئاژەڵان دەبێت بشۆرێن و دەرمان بکرێن."
عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئاکرێ، ئەوەی خستەڕوو "مەبەست لەم هەڵمەتە ئەوەیە کە بەدواداچوون بۆ ئاژەڵەکان بکرێت و نەخۆشییە دەرەکییەکان، بەتایبەتی تای خوێنبەربوون، کۆنترۆڵ بکرێن." ئەو ڕاشیگەیاند: "ئەم هەڵمەتە بۆ ماوەی 25 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانجی سەرەکی ئێمە ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیانە لە ئاژەڵاندا و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکان بۆ مرۆڤ."
بە گوێرەی ئامارەکانی بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری، نزیکەی 650,000 سەر مەڕ، بزن، و مانگا لە سنووری ئاکرێ هەن. ئاژەڵدارانی ناوچەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەیان لەگەڵ ئاژەڵەکانیاندا هەیە، بۆیە پاراستنی تەندروستی ئاژەڵەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤیش دەبێت.
جێی ئاماژەیە، کە پێشتر چەندین حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ئاکرێ و سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراون، ئەمەش گرنگی ئەم هەڵمەتە زیاتر دەکات.