نووسەرێک: کتێب مێژووی گەلی کورد و خەباتی پێشمەرگە دەپارێزێت

کتێب وەک بەڵگەیەکی مێژوویی نەمرد، نەوە دوای نەوە خوێنەران لە مێژوو، ڕووداوە جیاوازەکان و پرسە گرنگ و نەتەوەییەکان ئاشنا دەکات. زۆرێک لە نووسەران، خەباتی مێژوویی گەلی کورد، پێشمەرگە، داستان و شۆڕشە جیاوازەکانیان لە چوارچێوەی کتێبدا تۆمار کردووە، کە وەک بەرهەمێکی گرنگی ئەدەبی سوودی لێدەبینرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە.
کتێبێک کە ناونیشانێکی تایبەت بە کولتووری پێشمەرگە هەڵدەگرێت، دەبێتە ئیلهامبەخش بۆ دەیان کتێبی دیکەی هاوشێوە، کە تیشک دەخەنە سەر پێشمەرگە، مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتی و دۆزی کورد.
سەفەر کەریم هاواری، نووسەر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "وەکو پردێک لە نێوان پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، ئەو پردەم بۆ کولتووری پێشمەرگە و داهاتوو دروست کرد. هیوادارم خەڵکی دیکەش لە داهاتوودا زیاتر لەسەر ئەم سەردەمە بنووسنەوە کە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیایە و هەموو شتێک بەردەستە، بە پێچەوانەی سەردەمانی ڕابردووی شاخەوە کە بە زەحمەت کەلوپەلی نووسینمان دەست دەکەوت. ئێستا دەتوانرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە زۆر زانیاری لەسەر پێشمەرگە بەدەست بهێنرێت. بۆیە، ئاوڕدانەوەمان لە پێشمەرگە بۆ خۆمان و نەتەوەکەمان قازانجە؛ هەموو شتێک دەڕوات بەڵام بەها نەتەوەییەکانمان وەک کۆگایەکی جوان هەر دەمێنن."
لە کتێبخانە گشتییەکاندا، بەشی مێژوو و خەباتی کورد پڕە لە کتێب، لە مێژووی کۆنەوە تا ئێستا، کە باس لە پێشمەرگە و قارەمانێتییەکان، شۆڕش و داستانەکان دەکەن. دەیان بەرهەمی نووسەران لەم بەشەدا کۆکراونەتەوە و گەورەیی ناوی پێشمەرگە و گرنگی ناونیشانەکان خواستی زۆری لای خوێنەران دروست کردووە.
سروە عوسمان حەمە، ئەمینداری گشتیی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "لە ناوەندەکەمان دەیان کتێب لەبارەی قارەمانێتی پێشمەرگە، شۆڕشی گوڵان، ئەیلوول، خەباتی کورد و مێژووی کوردستان هەیە. سەرچاوە و بابەتی زۆر باشمان هەیە، ژیاننامە و چیرۆک و بەسەرهاتی پێشمەرگەکانمان هەیە. ئەرکی سەرشانی هەموومانە بە قوتابی و مامۆستاکانمان بڵێین کە ئەمە بوو گەیاندیتییە ئەمڕۆ و ئەرکی سەرشانی تۆیە لەبیری نەکەیت."
زۆرن ئەو کتێبانەی بۆ ناساندنی کورد و دۆزی کورد نووسراونەتەوە، هەندێکیان بە زمانە جیاوازەکان نووسراون یان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکە، تاوەکو خوێنەران لەوپەڕی دنیاشەوە ئاشنای مێژوو، خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە ببن.