خاوەنی شیعری (جەژنە جەژنی کوردستانە) كۆچی دوایی كرد

مامۆستا و شاعیر عەلی عەبدوڵڵا (ع. ع. شەونم) چەندین ساڵ خزمەتی بە ئەدەب و پەروەردەی كوردی كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مامۆستا و شاعیری کورد عەلی عەبدوڵڵا ناسراو بە (ع. ع. شەونم) لە تەمەنی 91 ساڵیدا ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەلی خاوەنی شیعری (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە)یه‌.

لە ساڵی 2017 كوردستان24 لە كارێكی دۆكیۆمێنتەریدا ژیان و بەرھەمەكانی عەلی عەبدوڵڵای خستەڕوو، ئەو دەربارەی ناسناوی (ع. ع. شەونم) گوتی: "لە ساڵی 1940 ئەم ناسناوەم ھەڵبژارد، ناوی خۆم عەلی-یە و ناوی باوكم عەبدوڵڵایە، سەبارەت بە ناوی (شەونم) من بە شوێن وشەیەكدا دەگەڕام كە گوزارشت لە ژیان بكات، وشەیەكی باشترم لە شەونم نەدۆزییەوە، ھەست دەكەم شەونم ھەموو وێنەكانی ژیانی تێدایە".

عەلی عەبدوڵڵا، لە ساڵی 1925 لە ھەڵەبجە لە دایكبووە و لەوێشەوە چووەتە بەر خوێندنی ئایینی، دواتر لە ساڵی 1934 چووەتە قوتابخانە، لە ساڵی 1940 لە پۆلی شەشەم لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بە یەكەم دەرچووە، پاشان لە خانەی مامۆستایان (دار المعلمين) لە بەغدا وەرگیراوە لە ساڵی 1945 دەچووە و بووەتە مامۆستا و لە چەند  قوتابخانەیەكی سنووری ھەڵەبجە و سلێمانی خزمەتی بە بواری پەروەردە و فێركردن كردووە. بە تۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی لە ساڵی 1949 گواستراوەتەوە پارێزگای دیوانیە.

لە ساڵی 1962 ھۆنراوەی بۆ سروودی (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە) نووسیوە، ئەو كاتە ھەر خۆشی ئاوازی بۆ سروودەكە داناوە و ژمارەیەك قوتابی لە قوتابخانەكان كۆكراوەتەوە و سروودەكەیان بە كۆرس گوتوە، دواتر تۆمار كراوە و سروودەكە بە كاسیەت ناردراوە بۆ سەركردایەتی شۆڕش لە گەڵاڵە و لە رێوەڕەسمی رۆژی نەورۆز سروودەكە لێدراوە.

(ع. ع. شەونم) چەندین ساڵ وەك سەرپەرشتیاری ھونەری لە سنووری پەروەردەی سلێمانی خزمەتی كردووە و وەكخۆی دەڵێ "قوتابییەكانم زۆربەیان بوون بە مرۆڤی باش و تێگەیشتوو". مامۆستا عەلی لە ساڵی 1981 خانەنیشن كراوە.

وەكخۆی باسی دەكات "من سیاسیی نەبوو و سەر بە ھیچ حزبێك نەبووم، بەڵام ھەر حزبێكی كوردستان ھەنگاوی باشی بنایە من لەگەڵی بووم".

ھ.م