ئێران داوایەکی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە

ئاڵاکانی ئێران و ئەمەریکا
ئاڵاکانی ئێران و ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمەریکا داوای لێ کردوون یۆرانیۆمی پیتێنراوەکەی ڕادەست بکەن، لە بەرانبەردا چالاککردنەوەی سناپباک ڕادەگرێت؛ دەشڵێت: داواکەمان ڕەت کردووەتەوە.

شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، مانگی ڕابردوو ئەمەریکا پێشنیازێکیان خستووەتە بەردەستیان، بۆ ئەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕادەستی وڵاتەکە بکەن، لە بەرانبەردا ئەوان چالاککردنەوەی میکانیزمی سناپباک ڕادەگرن.

عراقچی گوتیشی: داوایەکەی ئەمەریکایان ڕەت کردووەتەوە، ئامادەش نین لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووری، یاخود هەڕەشەدا دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بن، چونکە ئەوە مافێکی سروشتیی خۆیانە.

جەختیشی کردەوە، داواکارییەکانی ئەمەریکا لۆژیکی نین و هیچ زەمینەیەک بۆ دانوستان لەگەڵیان لە ئارادا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاندبوو، ئێران بەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی هەیەتی، دەتوانێت چەند بۆمبێکی ئەتۆمی دروست بکات.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانیان بە ئامانج گرت کە بریتیبوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment