ترەمپ و سەرکردەکانی قەتەر لە نێو فڕۆکە کۆبوونەوە
سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ میر و سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (Air Force One) لە بنکەی ئاسمانیی عودەید کوبووەوە.
شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبووەوە؛ هاوکات کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی داخراو بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ئەو سەرکردانەی قەتەر لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (Air Force One) بوو، کە بەمەبەستی پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکەکە لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر نیشتەوە، کە بەرەو ئاسیا بەڕێدەکەوت.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ترەمپ ڕایگەیاند، ئەو دوو سەرکردەیە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە. گوتیشی: سەرۆک وەزیرانی قەتەر هاوڕێی منە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، لە کۆبوونەوە ڕانەگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکاش بەشداریی تێدا کردووە، کە تازە لە گەشتێکی ئیسرائیل گەڕاوەتەوە وەک بەشێک لە هەوڵێکی دیپلۆماسی هەمەلایەنەی واشنتن بۆ پتەوکردنی ئاگربەستی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بۆ یەکەم جارە گەشت بۆ ئاسیا دەکات و لە کارنامەکەیدا بەشداریی دوو لووتکەی هەرێمی دەکات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و سهرۆك و سەرکردەکانی دیکە، کە ڕەنگە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بێت، کۆدەبێتەوە.
قەتەر لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە، هاوکات لەگەڵ میسر، ئەمەریکا و تورکیا گەرەنتی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززەیان كردووه.
دۆناڵد ترەمپ لە دەستپێکی گەشتەکەی بۆ ئاسیا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، کیم جۆنگ ئون دەزانێت ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین و بە تەواوی و لە 100% بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو سەرۆکە ئامادەیە.
ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ ئاسیا دەچێتە ژاپۆن و مالیزیا، هەروەها گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ لە کۆریای باشوور دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ پەکین. جەختیشی کردەوە، کێشەی تایوان لە نێو ئەو بابەتانەدا دەبێت کە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی باسی لێوە دەکات. هەروەها دەبێت جیمی لەی، میدیاکار کە لە هۆنگ کۆنگ زیندانی کراوە، ئازاد بکرێت.
