وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوتوێی سەپاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەکات

ژنێک لە پارکیکی بەغدا: ئەوەی دەبینم خێزانەكان پابەندن

K24 - بەغدا

دوای چەندین مانگ لە قەدەغەی ھاتووچۆ كە وەكو رێكاری دژی كۆرۆنا سەپێندرابوو، سەدان كەس لە دانیشتووانی بەغدا روویان لە پارکی زەورا کردەوە، هەرچەندە بەهۆی تەشەنەسەندنی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، ئێستا وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوتوێی سەپاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەکات.

دایكی مەیسەم، دانیشتووی بەغدایە و یەکێکە لەو کەسانە، ئەو دەڵێ "پێویستە پابەندی رێنماییەكان بین و دووری نێوانمان بپارێزین، ئەوەی دەبینم خێزانەكان پابەندن و دووری نێوانیان دەپارێزن".

ئەمە لەكاتێكدایە، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاندووە: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا و به‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌ وه‌رزی زستان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو، ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا روو له‌زیادبوون ده‌كات.

عەلی زوهێر، دانیشتوویەکی دیکەی بەغدا باس لەوە دەکات "سوپاس بۆ خوا، خەڵك خۆشحاڵ و ئارامن، دوای ماوەیەكی زۆر بەھۆی رێكارەكانی دژی كۆرۆناوە ئێستا جارێكی دیكە ھاتوونەتە دەرەوە، منداڵان خەریكی یاریكردنن و ھاووڵاتییان چێژ لەم ساتانە وەردەگرن".

وەزارەتی تەندروستی عێراق لەگەڵ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، جارێكی دیكە خەریكی تاوتوێكرنی سەپاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆن.

تاوەكو ئێستا نزیكەی 400 ھەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆماركراون، نزیكەی 10 ھەزار كەسیش بە ھۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

هـ.ر.