سوودانی به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌قاچاغبردنی نه‌وت، ده‌یه‌وێت ڕووی عێراق سپی بكاته‌وه

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه له پرسی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی عێراق لیژنەیەکی باڵا پێكبهێنن؛ ده‌شڵێت، لیژنەکە، لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڕاسپاردەکانی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
شه‌ممه، 6ـی ئه‌یلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه له پرسی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی عێراق له به‌نده‌ر و ئاوه‌كانی، لیژنەیەکی باڵا پێكبهێنن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق به پێویستیشی زانیوه، هیچ ئاسانكاری و سازشێك له‌سه‌ر ئه‌م پرسه نه‌كرێت. گوتووشیه‌تی، لیژنەکە، لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڕاسپاردەکانی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بە پێی یاسا به‌ركاره‌كان.
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2022 لە ڕاپۆرتێکی سەرەتاییدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "داهاتی کرێی مانگانه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ زۆر کەمترە لە بەهای بازاڕیان، هەروەها کەلێنێک لە گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆدا هەیە کە ڕێگە بە کۆمپانیای بەکرێدەر دەدات مامه‌ڵه به بڕێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر و بێسنووری نه‌وت بكات".
3ـی ته‌ممووزی 2025، سکۆت بێسنت، وەزیری گه‌نجینه‌ی ئەمه‌ریکا ڕایگه‌یاندبوو، وەزارەته‌كه‌یان بەردەوام دەبێت لە به ئامانجكردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران و فشارە ئابوورییەکان و ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی تاران ده‌ستی به سه‌رچاوه داراییه‌كان بگات.
هه‌مان ڕۆژ سه‌رچاوه‌یه‌ك به "په‌یمانگای وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له واشنتن - The Arab Gulf States Institute"، گوتبوو، له كاتێكدا حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ـوه سزای ئابووری خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام بودجه‌ی عێراق به‌رده‌وام ده‌گاته ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی سه‌ر به ئێرانن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران كار و چالاكی ده‌كه‌ن.
سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید، ناسراو به ئومێد بازرگانی عێراقی – به‌ریتانی ده‌ستی له چه‌ندان دۆسیه‌ی ئابڕووبه‌رانه‌ی كه‌رتی نه‌وت له عێراق هه‌یه و تێوه‌گلاوه؛ دیارترینیشان به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ بووه له به‌نده‌ری زوبێر له پارێزگای به‌سره.
دۆسیه ئابڕووبه‌رانه‌كه‌ی سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید زیانی گه‌وره‌ی به كرۆكی سامانه نیشتمانییه‌كانی عێراق گه‌یاندووه و حكوومه‌تی عێراقی له یه‌ك كاتدا خستووه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی.
به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ هه‌ر زوو بووه هۆی ئاشكرابوونی تۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تیی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و عێراق و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی ئێران و هه‌نارده‌كردنی به به پسووله و به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته، ئه‌مه‌ش دواتر له لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه له 3ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا به‌دواداچوونی بۆ كرا و سزای به‌سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید و كۆمپانیاكانیدا سه‌پاند.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه (ئه‌یلوول) ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاند، وه‌لید خالید حه‌مید سامه‌ڕائی، بازرگانیی عێراقی كه له دوبه‌ی نیشته‌جێیه و به به قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران و سپیکردنەوەی پارەی ئه‌و وڵاته تۆمه‌تباره و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ـی ئێرانه‌وه هه‌یه، سزای داراییان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، كه ئه‌و سزایه چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به خۆیشی گرتووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕوونی كردبووه‌وه، سزاكان هه‌ر یه‌ك له کۆمپانیاکانی بابل و گالاكسی کە سامه‌ڕائی خاوه‌نیانه و له‌گه‌ڵ كه‌شتی و بارهه‌ڵگره نه‌وتییه‌كان كه به تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ـی ئێران ناسراون و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ به‌قاچاغبردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی کەناڵە نایاساییەکانەوە، ده‌گرێته‌وه.
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئەم تۆڕە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئێران و هاوبەشەکانی دەست کەوتووە، ئەوەش لە ڕێگەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەک نەوتی پاکی عێراق.