عراقچی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوامە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوە هەوڵدانە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان؛ سەبارەت بەم بابەتە، پێویستە کارەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە جێبەجێ بکرێن.
شەممە، 6ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڵاوی کردەوە "ئێمە لەسەر دانوستان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان بە جددی کارمان کردووە و لە حکوومەتی نوێدا پلانی پێویستمان داڕشت و دانوستانەکان دەستیان پێ کرد،تا ئێستا پێنج خولی دانوستان بەڕێوەچوونە، بەڵام پێش دەستپێکردنی خولی شەشەم، ئیسرائیل دەستی بە دەستدرێژیی سەربازی کرد و ئەمەریکاش هاوپەیمانی بوو. بە دڵنیایییەوە، دوای ئەم جەنگە و بەرگریی قارەمانانەی گەلی ئێران، شێوازی دانوستانەکان لەوانەی پێش جەنگ جیاواز دەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: مەحاڵە بە بوونی ئەو هەموو شەهیدەوە بە هەمان مەرجەکانی پێش جەنگی 12 ڕۆژە بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان. بێگومان شێواز و ڕەهەندی نوێی دەبێت و پێکهاتەی نوێ هاتوونەتە ئاراوە، کە پێویستە پلانی تایبەتمان بۆیان هەبێت. ئێمە ئێستا سەرقاڵی داڕشتنی پلانین لەم بارەیەوە."
عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دوای جەنگی 12 ڕۆژە، تووشی ئاڵۆزی بوو. دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بۆمباران کران، دیارە پاش ئەوە ناکرێت پەیوەندییەکانمان وەک ڕابردوو بێت. هەر ئەمڕۆ هاوکارانم لە ڤییەننا دانوستانی باشیان هەبووە بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی نوێ و نزیکین لەوەی لەگەڵ ئاژانس بگەینە لێکگەیشتنێکی نوێ."
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروا گوتی: دانوستانەکان لەگەڵ 3 وڵاتی ئەورووپی بەردەوامە. چەندین جار بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو 3 وڵاتە قسەم کردووە و دوو شەو پێش ئێستاش لەگەڵ کالاس (بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا) گفتوگۆم هەبوو. پێم وایە تێگەیشتنێکی باشتر لەبارەی دۆخەکەوە لە ئارادایە. 3 وڵاتە ئەورووپایییەکە هەڵەیەکی گەورەیان کرد و میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان چالاک کردەوە، ئەمەش کارەکەی قورستر کرد. گفتوگۆکان بەردەوامن و هیوادارم بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش.
عراقچی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە. هەر کاتێک ئەمەریکییەکان ئامادە بن لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر دانوستان بکەن، ئێمەش ئامادەین. پێویستە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە ڕەچاو بکرێت. بێگومان، هیچ لایەنێکیش نابێت ئەرکەکانی خۆی لەبیر بکات."