"كابینه‌ی نۆیه‌می حكومەتی ھەرێم پەنای بۆ قەرزکردن نەبردووە"

په‌رله‌مانتارێك: پڕۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م نه‌وه‌ستاون

K24 - ھەولێر

تیمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیاندا بۆ پەرلەمان، ئەوەیان روون کردەوە کە ئەم کابینەیە لەگەڵ ئەوەی بە بارودۆخێکی سەختی داراییدا تیپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا بیری لە وە نەکردووەتەوە قەرز بکات، بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییە داراییەکانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "سەرکەوتنی ئەم کابینەیه‌ی حکومەتی ھەرێم ئەوەیە، تائێستا پەنای بۆ قەرزکردن نەبردووە بە پێچەوانەشەوە جدییە لە بابەتی چاکسازیی بە پێچەوانەی عێراقەوە کە نوقمی قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی بووە".

سەرەڕای باری سەختی دارایی و ئەو قەیرانەی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم تا ئێستا پەنای بۆ قەرز نەبردووە لە پێناو پڕکردنەوەی بۆشاییە داراییەکان و بەھەموو تواناییەوە ھەوڵیداوە پێویستییەکان پڕبکاتەوە.

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم تائێستا بیری لەوە نەكردووەتەوە كە قەرز بكات، چونكە قەرز بارگرانی زۆر دەخاتە سەر ھەرێم، ئەو قەرزانەی ئێستا لەسەر حكومەتی ھەرێم ھەن، چەند ئیلتیزامێكی داراییە، لە دەرەوەی ئیرادەی حكومەتە، ئەوەی كە گرنگە حكومەت لەم كابینەیە قەرزی نەكردووە، ھەوڵیداوە بە پێی داھاتی ناوخۆ كاروبارەكان رایی بكات و مووچە بدات و لە ھەمانكاتدا پڕۆژەكانی پەرەپێدانیش بەردەوام بن".

بەلای پەرلەمانتارانەوە حکومەتی ھەرێم ھەنگاوی باشی بڕیوە بەبێ ئەوەی قەرز بکات، لەپێناو پڕکردنەوەی بۆشاییە داراییەكان،  لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی رانەگرتووە کە ئەمە نیشانەی ئیرادەی ئەم کابینەییە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی.

لەوبارەوە ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "قەرزەكانی كابینەكانی پێشووی حكومەت بووەتە بارگرانی بۆ ئەم كابینەیە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم تائێستا قەرزی نەكردووە، بەڵكو چاكسازیی كردووە لە خەرجییەكان".

لەگەڵ ئەوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نزیکەی ساڵێک و نیوە،  تائێستا یەک جار قەرزی لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ کردووە کە لە ماوەیەکی کەمدا قەرزەکە درایەوە بە کۆمپانیاکا، بەڕای پەرلەمانتارانیش خاڵی سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم لەوەدایە لەو دۆخە سەختە داراییەدا پەنا بۆ قەرزکردن نەبردووە، لە کاتیدا حکومەتی عێراق وێڕای بوونی ئەو ھەموو سەرچاوە دارایانەی بەردەستن، نوقمی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بووە.