عراقچی: دەبێت ڕێز لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێران بگیرێت

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانی کۆنفرانسی نیشتمانیی تواناکانی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازاد و بازرگانییەکانی ئێران ڕایگەیاند، "هەموو کێشەکانمان دەرەکی نین یان هۆکاری سزاکان نین. هەندێکیان ڕەگ و ڕیشەی ناوخۆیییان هەیە و ئەمەش پێویستی بە بوێری هەیە بۆ دانپێدانان بەو بابەتە."

جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت سزاکان وەک "کۆتایی جیهان" وێنا بکرێن.

عراقچی ئاماژەی بەوەشدا "گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە بەردەوام دەبێت"، و دووپاتیشی کردەوە، "ئەو ڕۆژەی واشنتن ئامادە بێت بۆ دانوستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، ئێمەش ئامادە دەبین. دەبێت ڕێز لە ماف و بەرژەوەندییەکانمان بگیرێت و بێگومان نابێت هیچ لایەنێک لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی پشتگوێ بخات."

سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:، "سێ وڵاتی ئەورووپا هەڵەیەکی گەورەیان کرد بە هەنگاونان بەرەو چالاککردنی میکانیزمی سزاکان، ئەمەش کارەکانی قورستر کردووە. دانوستانەکان بەردەوامن و هیوادارم بگەینە لێکگەیشتنێکی هاوبەش."

عراقچی ئاشکراشی کرد،  "فۆرم و ڕەهەندەکانی دانوستانەکان گۆڕاون، فاکتەری نوێش سەریان هەڵداوە کە دەبێت پلانی بۆ دابڕێژین و لە پرۆسەی ئامادەکاریداین بۆ ئەوە."

هەروەها ڕوونیشیکردەوە: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانمان تێکچووە، بەشێوەیەکی سروشتی مامەڵەکانمان وەک جاران نەماوە. دوێنێ هاوکارەکانم لە ڤیەننا دانوستانێکی باشیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بگەینە چوارچێوەیەکی نوێ، هەروەها نزیکین لە لێکگەیشتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر ئەم چوارچێوەیە."

 
Fly Erbil Advertisment