سنە.. بەفر ڕێگەی 40 گوندی داخست
بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، بەفر و زریان ڕێگەی 40 گوندی لە پارێزگای سنە داخستووە.
چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕامین مەحموودی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای سنە، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ی گوت: لە ئەنجامی بەفر و زریانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگەی 40 گوندی پارێزگاکە داخراوە و هاتوچۆیان پێدا ناکرێت.
مەحموودی، گوتیشی: لە ئەگەری بەردوامیی دۆخی کەشوهەوای زستانە، ژمارەی ئەو گوندانەی ڕێگەکانیان دادەخرێت، زیاتر دەبن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سنە، جەختی لەوە کردەوە "هەرچەند تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفر و کردنەوەی ڕێگەکانن، بەڵام سەختیی ناوچەکە و زۆریی بەفرەکە، ڕێگریی لە کارەکانیان دەکەن."
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەشناسیی پارێزگای سنە، لە شارۆچکەکانی سەقز، بانە، مەریوان و گەردەنەی ژاڵانە و مرواری بەفرێکی زۆر باریووە و هاتوچۆ لەو ناوچانەدا ئەستەم بووە.
