پۆلیسی بەریتانیا 425 خۆپیشاندەری دەستگیر کرد

پۆلیسی بەریتانیا 425 خۆپیشاندەری دەستگیر کرد کە بۆ پشتگیری لە ڕێکخراوی "فەڵەستین ئاکشن" لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووبوونەوە. ئەمەش نوێترین هەڵمەتی دەستگیرکردنی لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوەیە کە لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، قەدەغە کراوە.
یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دوێنێ شەممە، سەدان خۆپیشاندەر بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە بڕیاری حکوومەتی بەریتانیا بۆ قەدەغەکردنی ڕێکخراوی (فەڵەستین ئاکشن) لە ناوەندی لەندەن لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوە و دروشمی (من دژی کۆمەڵکوژیم. من پشتگیریی فەڵەستین ئاکشن دەکەم)یان بەرز کردبووەوە.
پۆلیس، پاڵپشت بە یاسای دژە تیرۆر، بەرەنگاری خۆپیشاندەران بووەوە و 425 کەسی لێیان دەستگیر کرد، کە تەمەنی زۆربەیان سەروو 60 ساڵە.
پۆلیسی لەندەن، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە "خۆپیشاندەران سووکایەتییان بە ئەفسەرانی پۆلیس کردوە و پەلاماریانیان داوە."
مانگی تەمووزی ڕابردوو، حکوومەتی بەریتانیا بە پێی یاساکانی دژە تیرۆر، ئەو ڕێکخراوەی قەدەغە کرد، پاش ئەوەی هەندێک لە ئەندامەکانی چوونە ناو بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا و زیانیان بەچەند فڕۆکەیەکی سەربازیی گەیاند.
ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، پەلاماری چەندان کۆمپانیای سەربازیی بەریتانییان داوە چوونکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.
قەدەغەکردنی "فەڵەستین ئاکشن"، ڕێکخراوەکە دەخاتە ڕیزی قاعیدە و داعشەوە و پشتگیریکردن، یان ئەندامییەتی لەو ڕێکخراوە بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت، کە سزاکەی دەگاتە 14 ساڵ زیندانی.
گرووپەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ قەدەغەکردنی ئەو ڕێکخراوە گرتووە و وەک بڕیارێکی ناهاوسەنگ ناساندوویانە و دەڵێن "ئازادیی ڕادەربڕینی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز سنووردار دەکات."
حکوومەتی بەریتانیا "فەڵەستین ئاکشن"ی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ملیۆنان پاوەند زیانی بە دامودەزگەکانی حکوومەت گەیاندووە و دەڵێت "قەدەغەکردنی ئەم ڕێکخراوە ڕێگریی لە خۆپیشاندانەکانی دیکە بۆ لایەنگری فەڵەستین ناکات."