ڕۆژنامەی تەلەگراف: بەریتانیا کۆچبەران دەگوازێتەوە بنکە سەربازییەکان

ڕۆژنامەی 'زە تەلەگراف'ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بەنیازن کۆچبەران بگوازنەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی پێشووی وڵاتەکەیان.

یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، ڕۆژنامەکە پلانەکانی دەسەڵاتدارانی ئاشکرا کردووە، کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کۆچبەرانەی کە لە هۆتێلەکانی پەنابەران نیشتەجێ دەکرێن، دەگوازرێنەوە بۆ سەربازگەکان.

شابانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کییەر ستارمەرەوە ئەرکی چارەسەرکردنی پرسی ئەو کۆچبەرانەی پێسپێردراوە کە بە بەلەمە چوپەکان دەپەڕنەوە بەریتانیا، بڕیارە سیاسەتە نوێیەکانی حکوومەت ڕابگەیەنێت.

هەروەها دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پلانیان هەیە دەیان هۆتێل دابخەن کە کۆچبەرانیان تێیدا جێگیر کردووە. هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا نزیکن لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەڵمانیا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی کۆچبەران.

بەریتانیا لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کردبوو.

ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە ساڵی 2024دا، لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، گەیشتووەتە زیاتر لە 36 هەزار و 800 کەس، هەروەها حکوومەتی بەریتانیا ڕۆژانە ملیۆنان پاوەند خەرج دەکات بۆ وەرگرتن و نیشتەجێکردنی پەنابەران لە هۆتێلەکاندا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment