دەریاچەی ورمێ بە تەواوەتی وشک بوو

وێنەکانی ئەم دواییەی ئاژانسی ناسا، ئەوە نیشان دەدەن، کە دەریاچەی ورمێ بە تەواوەتی وشک بووە و هیچ ئاوی تێدا نەماوە. 

ڕۆژنامەی اطلاعات، لە ژمارەی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، گەورەترین دەریاچەی سوێری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تەواوەتی وشک بوو و بووە بەشێک لە مێژوو!

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، وشکبوونی دەریاچەکە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە پسپۆڕانی ژینگە و جوگرافیا، هۆشداریی ئەوەیان دابوو کە دەریاچەکە لە کۆتایی هاویندا بە تەواوەتی وشک دەبێت.

وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، جگە لەوەی زیانێکی گەورە لە کەرتی گەشتیاریی ئێران دەدات، کارەساتێکی گەورەی ژینگەیشی لێ دەکەوێتەوە. چونکە دەبێتە هۆی هەڵکردنی باهۆزی خوێ و  ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەکە، چی دی بۆ گوزەران نابن و کشتوکاڵیان تێدا ناکرێت.

حکوومەتی ئێران، لە ساڵانی پیشوودا زۆر هەوڵی دا ڕێگریی لە وشکبوونی ئەو دەریاچەیە بکات، بەڵام بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، ئەو هەوڵانەی پووچەڵ کردەوە.

 
Fly Erbil Advertisment