دادگای باڵای ئیسرائیل: حکوومەت خۆراکی پێویست بە زیندانیانی فەڵەستینی نادات

زیندانێکی ئیسرائیل لە بیر سەبع
زیندانێکی ئیسرائیل لە بیر سەبع

دادگای باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی خۆراکی پێویستی بۆ زیندانیانی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دان، دابین نەکردووە و فەرمانی بە دەسەڵاتداران کرد کە خۆراکەکانیان باشتر بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، دادگای باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکوومەت لە دابین کردنی خۆراکی پێویست بۆ زیندانیانی فەڵەستینی شکستی هێناوە، کە ئەمە پێداویستییە سەرەتاییەکانە، هەروەها فەرمانی بە چاودێرانی زیندانیان کردووە هەنگاو بۆ گەرەنتی دابین کردنی خواردن بنێن.

ئەو گوتانەی دادگای باڵای ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو ساڵەی شەڕی غەززە بەردەوامە و هەزاران فەڵەستینی لە ئیسرائیل دەستبەسەرکراون.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ چەندین پێشێلکارییان لە زیندانەکان و شوێنەکانی دەستبەسەرکردنی فەڵەستینییەکان لە ئیسرائیل ئاشکرا کردووە، لەوانە کەمیی خۆراک و خراپی چاودێری تەندروستی و دۆخی تەندروستی و لێدان لە زیندانیان.

ئەم بڕیارە لە وەڵامی داواکارییەکدا هات کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن کۆمەڵەی مافە مەدەنییەکان لە ئیسرائیل (ACRI) و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی 'گیشا' تۆمارکرابوو .

 ئەو دوو ڕێکخراوە دەڵێن: دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە گۆڕانکاریی لە سیاسەتی خۆراکی زیندانیان کراوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی زیندانییەکان تووشی بەدخۆراکی و برسیەتی ببن.

دادگاکە لە 3 دادوەر پێک هاتبوو لە بڕیارەکەی ڕۆژی یەکشەممە، بە کۆی دەنگ بڕیاری دا کە دەوڵەت لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە دابینکردنی خۆراکی پێویست بۆ زیندانییەکان بۆ دەستەبەرکردنی پیداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.

ئاماژەیان بەوەدا، گومانیان هەیە لەوەی زیندانییەکان خۆراکی گونجاویان پێدەدرێت و داوایان لە بەرپرسانی زیندانەکان کردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دابینکردنی خۆراک.

ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و گوتی، لە کاتێکدا بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە کەسیان نییە یارمەتیان بدات، دادگای باڵای ئیسرائیل، بەرگری لە چەکدارانی حەماس دەکات.

کۆمەڵەی مافە مەدەنییەکان داوای جێبەجێکردنی دەستبەجێی بڕیارەکە کرد، گوتی: چاودێرانی زیندانەکان، زیندانەکانی ئیسرائیلیان کردووە بە شوێنی ئەشکەنجەدان، ئاماژەی بەوەش دا، "دەوڵەت خەڵک برسی ناکات، خەڵک، خەڵک برسی ناکەن، گرنگ نییە هەرچی بکەن."

لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵانی فەڵەستینی لە زیندانێکی ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا، پزیشکەکان دەیانگوت ئەگەری زۆرە برسیەتی هۆکاری سەرەکی مردنەکەی بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment