بۆنی پیسی کارگەکانی نزیک عەربەت هاووڵاتییانی ناوچەکەی هەراسان کردووە

چەند ساڵێکە شارۆچکە شارەزوور و شارەدێی زەڕایان هەراسانن بەهۆی بۆن و دووکەڵی کارگەکان و پیسبوونی ژینگەکەیان و بووەتە هۆی کێشەی تەندروستیی بۆ دانیشتووان.
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی عەربەت، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو کارگانە هەموویان تەنیا لە سنووری عەربەت نین، بەڵکوو بەشێک لە کارگە و پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنیی و کارگەی پیتڕۆکیمیایی و کانزا، لە سنووری تانجەڕۆن کە هاوسنوورە لەگەڵ سلێمانی و عەربەت و بەشێکیشیان لە ناوچەی پیشەسازی عەربەتن کە لە ساڵانی دوایی لەلایەن وەبەرهێنەرانی سلێمانییەوە دروستکراوە.
بەڕێوەبەری شارەدێی عەربەت گوتی: "ساڵێک زیاترە ئەم کارگانە کێشەیان بۆ ژینگەی سنوورەکە دروستکردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون، ئەو کارگانەی پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبوونە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکردوون.
دابان محەممەد ئاماژەشی دا، بەرپرسیاریەتی سەرەکی ئەم دۆخەی کە لە عەربەت و شارەدێی زەرایان و شارەزوور هەیە دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، یەکێکە لەو فەرمانگانەی داوای لارینەبوونی لێدەکرێت لە کاتی مۆڵەتپێدانی دروستکردنی هەر کارگەیەک، و پێویستە بە ڕۆڵی خۆی هەستێت و مەرجی ژینگەیی بخاتە سەر کارگەکان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی عەربەت، "بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی نەک تەنیا کەمتەرخەمە، بەڵکوو وەکوو ئەوەیە هەر بوونی نەبێت و چەندان جاریش بە نووسراوی فەرمی ئاگادارمان کردوونەتەوە."
هەروەها دابان محەممەد ڕاشیگەیاند، "هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە لە 2011ەوە شارێکی پیشەسازی لەنێو چەقی شارەزوور دروستکراوە کە ئەمەش بڕیارێکی زۆر نادروست بوو و وەبەرهێنانی سلێمانی لە مۆڵەتپێدانی دروستکردنی کارگە هیچ پرسێک بە ئێمە ناکەن."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا دابان محەممەد ڕایگەیاند، "ئەم کارگانە کە پاشماوە و بۆنیان هەیە، نەدەبوو لە شوێنێکی چڕی دانیشتووانی زۆر دروستکرابان، یان بە لایەنی کەمەوە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی مەرجی ژینگەیی بەسەریاندا بسەپێنێت بە جۆرێک، ئەم کارگانە بە شێوەیەکی ژینگەدۆستانە دروست بکرێن".