ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. زۆنگاوی کانی بەرازان بەتەواوی وشک بووە

وشکبوونی دەریاچە و زۆنگاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، زۆنگاوی کانی بەرازانی مهاباد کە ژینگەی هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵ و چەندین جۆر مار و ماسی بوو، ئەم ڕۆژانە بە تەواوی وشک بووە.

زۆنگاوی کانی بەرازان، کە لە 30 کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی مهاباد هەڵکەوتووە، بە تەواوی وشک بووە و یەک دڵۆپ ئاوی تێدا نەماوە، وشکبوونی ئەم زۆنگاوە جیا لەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەی تووشی زیانێکی زۆر کردووە، ژینگەپارێزانیشی زۆر نیگەران کردووە، زۆنگاوی کانی بەرازان ژینگەی هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵی کێوی و چەند جۆر ماسی بوو، کە بە وشک بوونی زۆنگاوەکە بەشێکیان لەناو چوون، بەشێکیان ناوچەکەیان جێ هێشتووە و ئەوانەی ماونەتەوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. 

ئاسۆ سولەیمانپوور، ژینگەپارێز گوتی: هۆکارە سەرەکی وشک بوونی زۆنگاوەکە دەگەڕێتەوە کەمبارانی و گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها هۆکارێکی دیکەیە بەکارهێنانی ئەو ئاوەی زۆنگاوەکانە بۆ کشتوکاڵ.

ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی خوڕخوڕە کە لە نزیک زۆنگاوەکە هەڵکەوتووە، هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو باڵندە و ئاژەڵانە دەدەن، ئەوان بە ئەزموون دەزانن، ڕاستە ڕووبەری زۆنگاوەکە وشک بووە بەڵام زەویی ئەو ناوچەیە ساڵەهای ساڵ ئاوێکی زۆری هەڵمژیوە، هەر بۆیە بە هەڵکەندنی چاڵێک کە تەنیا چەند مەترێک قووڵە گەیشتوونەتە ئاو و لە ڕێگای پەمپێکەوە ئاوەکە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دەردەهێنن.

ڕەمەزان شەل، دانیشتووی گوندی خوڕخوڕە دەڵێت: ئێمە لە دڵسۆزیمان هاتووین ئەو چاڵەمان لێداوە، هەفتەی جارێک یان دووجار ئاوەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندان دەردەهێنین، ڕاستە ئاوەکە زۆر نییە بەڵام باشە و خراپ نییە بۆ ئاودانی ئەو ئاژەڵانە.

زۆنگاوی کانی بەرازان کە لە کاتی پرئاویدا ڕووبەرەکەی 1050 هێکتار بوو و قووڵایی ئاوەکەی دەگەیەشتە 60 سانتی مەتر، ژینگەی 180 جۆر باڵندە و چەندین جۆر ئاژەڵی دیکە بوو، بەشێک لەو باڵندانە وەک مراویی سەرسپی، مراویی مەڕمەڕی و زیقاوڵە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو و ئێستا بە وشک بوونی زۆنگاوەکە ژینگەپارێزان نیگەرانن ئەو باڵندانە بە تەواوی لەناو بچن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment