ڕێگەی نێوان سنە و کرماشان بووەتە ڕێگەی مەرگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سنە دەڵێت: ڕێگەکانی نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت سنە - کرماشان و سەقز- بۆکان و سنە - هەمەدان بوونەتە ڕێگەی مەرگ و پڕ مەترسیترین ڕێگەکان لە ڕووی زۆری ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە.
حەمیدڕەزا عەبدولمەلەکی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سنە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە: زۆربەی ڕووداوەکان ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە نێوان کاتژمێرەکانی 4:00 بۆ 8:00ی ئێوارە ڕوودەدەن، کە 30% ی ڕووداوەکانیش بەهۆی خیرا لێخوڕین و سەرنجنەدانی هێماکانی هاتوچۆن.
بە گوتەی عەبدولمەلەکی، شۆفێرانی پیجۆ 405 زۆرترین سەرپێچیان لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا تۆمارکردووە، ڕێژەیان تەنیا لە پارێزگای سنە دا زیاترە لە تێکڕای سەرتاسەری ئێران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سنە داوای لە خێزانەکان کرد ڕێگە بە لاوان و هەرزەکاران نەدەن بەبێ مۆڵەت، شۆفێری بکەن، چونکە ڕێژەی ئەرووداوانەی کە شۆفێرەکانیان بێ مۆڵەت بوون، زیادیکردوە .
گوتیشی: هەرچەندە لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا، جموجووڵی هۆکارەکانی گواستنەوە 60% زیادی کردووە، بەڵام ئاماری ڕووداوەکانی نەگۆراوە.
عەبدولمەلەکی ڕاشیگەیاندووە، ڕووداوی هاتوچۆ، نەک هەر تەنیا لە نێوان گەورە شارەکان، بەڵکو لە ڕێگەی نێوان گوندەکانیش زیادیکردووە، کە کۆنترڵکردنیان زەحمەتە، گوتیشی: تەنیا بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەتوانرێت، ڕووداوەکان کەم بکرێنەوە.
