سوپای ئۆکرانیا: تەنیا ئامانجە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیا دەکەینە ئامانج
گوتەبێژێکی سەربازی ئۆکرانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی تەنیا ئامانجە ڕەوا و سەربازییەکان دەپێکن و پابەندی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئوتێلێک لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا لە هەرێمی خێرسۆن.
گوتەبێژی دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا تەنیا ئەو پێگانە دەپێکن کە سەر بە سوپای ڕووسیان، یان دامەزراوەکانی وزە و سووتەمەنین کە بۆ جەنگ بەکاردێن.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە هێرشەکانیان لە چوارچێوەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دایە و هەموو ئەو چالاکییانەی سوپاش کە ئەنجام دەدرێن، بە فەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستەی ئەرکانی گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی لایەنی ئۆکرانی دوای ئەوە هات کە دەنگۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ئوتێلێک لە ناوچەی خێرسۆن بڵاوکرابووەوە.
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە تاوەکو ساڵی 2026 درێژەی کێشاوە، لەم قۆناغەدا زیاتر چڕبووەتەوە لەسەر بەکارهێنانی درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ بۆ لێدانی ژێرخانی ئابووری و سەربازی.
لە کاتێکدا کیێڤ هەوڵ دەدات تواناکانی ڕووسیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرەکانی جەنگ پەکبخات، مۆسکۆش ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان تۆمەتبار دەکات.
ئەم ململانێیە وای کردووە هەردوولا بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی مەدەنییەکان بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی سزای یاسایی و تۆمەتی تاوانی جەنگ نەبنەوە.
