دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری زیاتر لە 300 کاندیدی دوور خستەوە

دەستەی نیشتمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری عێراق، تەواوبوونی پرۆسەی پشکنینی گشتگیری بۆ سەرجەم ئەو کاندیدانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق کاندید کردووە ڕاگەیاند، کە کۆی گشتییان نزیکەی هەشت هەزار کاندیدن، ئاماژەی بەوەش کرد، 335 کاندید ڕێکارەکانی دەستەکە دەیانگرێتەوە، واتە لە هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە.
دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، حەسەن شوەیلی، بەڕێوبەری بەشی ڕاگەیاندنی دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دەستەی نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەپێی یاسای ژمارە (10ـی ساڵی 2008) کاردەکات، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی کە لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە پێی سپێردراوە، بەڵێن دەدات لە ڕێگەی بەشە تایبەتمەندەکانییەوە، بە وردی وردبینی لە هەموو ئەو ناوانە بکات کە لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە پێشکەشی دەکرێت، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بێت یان ئەنجوومەنی پارێزگاکان یان داواکارانی پلە تایبەتەکان و هەرسێ سەرۆکایەتییەکە.
حەسەن شوەیلی، باسی لەوەش کردووە، "پرۆسەی وردبینی تایبەت بە هەڵبژاردن، نزیکەی هەشت هەزار ناوی لەخۆگرتووە، کە هاوتای بنەماکانی چاودێری و دادوەری و ئەمنییەکان و دەستەی دەستپاکی و بەڵگەی تاوان کراون"، جەختیشی کردەوە کە دەستەکە کار لەسەر ئاشکرا کردنی کاندیدەکان دەکات لەئەگەری هەر پەیوەندییەکیان بە ڕژێمی پێشووی بەعس.
ڕوونیشی کردەوە، ژمارەی ئەوانەی ڕێکارەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە و دووردەخرێنەوە، گەیشتووەتە 335 کاندید، هەروەها ناوی 404 کەسی وەکوو یەک لە رێگەی پێداچوونەوە بە داتاکانیان چارەسەر کراون.
بەڕێوبەری بەشی ڕاگەیاندنی دەستەکە دەشڵێت: "یاساکە ڕێگە بەو کەسانە دەدات لەماوەی یەک مانگدا لەبەردەم دەستەی تێهەڵچوونەوە، تانە لە بڕیارەکە بدەن، کە ئایا پشتگیری دەکرێن لە بەردەوام بوونیان وەکوو کاندید یان دووردەخرێنەوە. گوتیشی: ئامانجی سەرەکی کارەکانی دەستەکە لابردنی لایەنگرانی حزبی بەعسی پێشووە، لە دەسەڵاتی یاسادانان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە هەر هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی لایەنگرانی بەعس بە شێوەیەکی نایاسایی ."