تۆمارێکی دەنگی نووسینگەی سوودانی نیگەران دەکات

شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی، نزار حەیدەر تۆمارێکی دەنگی ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاو کردەوە، بە هۆیەوە نووسینگەی سوودانی سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمارکرد و ڕەتی دەکاتەوە، ئەو تۆمارە دەنگییە بە هیچ شێوەیەک ڕاست بێت.

ڕۆژی 7ی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سکاڵای یاسایی دژی شرۆڤەکاری سیاسیی"نزار حەیدەر" تۆمارکردووە، لە دژی بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی دەنگیی بە ناوی ئیحسان عەوادی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا هاتووە، ئیحسان عەوادی باس لە ترسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ئەمەریکا دەکات و دەشڵێت" بەهەموو جۆرێک دەرگاکانی ئەمەریکا بەڕووی سیاسییەکانی عێراقدا داخراوە و لەم کاتەدا هەر کەسێک بتوانێت دەریچەیەک لەگەڵ ئەمەریکا بکاتەوە ئەو دەبێتە پێکهێنەری حکوومەتی داهاتووی عێراق"؛ دەشڵێت "سوودانی بە هیچ جۆرێک ڕێگەی پێنادرێت دووبارە ببێتەوە سەرۆک وەزیران".

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، ئەو تۆمارە دەنگییانەی لە چوار مانگی ڕابردوودا لەسەر زاری زیاتر لە 10 کەسایەتی سیاسیی و حکوومی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دادگاکان بووە لە کەیسی محەممەد جووحی، کە لە فەرمانگەی سەرۆک وەزیران کاری دەکرد و تۆمەتبارە بە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی سیخووری لەنێو فەرمانگەکە و بە بڕیاری دادگا بە چوار ساڵ زیندانی سزادراوە، ئەو تۆمارە دەنگیانەش لەنێو مۆبایلەکەی ئەو دەرهێندراوە و دزەی پێکراوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment