لە خولی توركیا گرێبەستی ملیاری واژۆ دەكرێت

گرانبەهاترین یاریزانیان لە مێژووی وڵاتەكەیان گواستەوە

ڤیكتۆر ئۆسێمین، ئیدەرسۆن و لێرۆی سانێ
ڤیكتۆر ئۆسێمین، ئیدەرسۆن و لێرۆی سانێ

خولی تورکیا پێشتر وەكو شوێنی ئەستێرە بەساڵاچووەکان سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا خولەكە خۆی لە یاریزانی بە ساڵاچوو دەپارێزێت و لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان كێبڕكێی خولی سعوودیە و خولەكانی ئەورووپا دەكات.

3 یانە گەورەكەی توركیا بازاڕی گواستنەوەیان گەرم كردووە
سێ یانە گەورەكەی ئیستنەنبووڵ (گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە و بێشكتاش) رێگەیان پێدەدرێت ئەستێرە گەورەكانی وەكو ڤیكتۆر ئۆسێمین، لێرۆی سانێ و جۆردان دۆران بگوازنەوە، لە كاتێكدا پێشتر رێگە بە یانەكانی توركیا نەدەدرا لەو سنوورەی دیاریكراوە پارە بە یاریزانان بدەن.
گەڵاتەسەرای پاڵەوانی توركیا، وەرزی رابردوو بە خواستن ڤیكتۆر ئۆسێمینی لە یانەی ناپۆلییەوە گواستەوە، ئەم هاوینەش بە بەهای 75 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانەی لە یانە ئیتاڵییەكە كڕییەوە، بەمەش ئەم یاریزانە بووە گرانبەهاترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێی توركیا، هاوكات بووە چوارەم گرانبەهاترین گرێبەست لەم مێركاتۆی ئەم هاوینە. 
گەڵاتەسەرای مووچەی ساڵانەی 21 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئۆسێمین، جگە لەوەش لێرۆ سانێی لە بایرن میونشنەوە گواستەوە و لە چنگی بارسێلۆنای دەرهێنا و بە مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن یۆرۆ ناوەراستكارە ئەڵمانییەكەی رازیكرد درێسی گەڵاتەسەرای بپۆشێت.

فێنەرباهچە گرەوەكەی لە نەسری سعوودیە بردەوە
جۆن دوران هێرشبەرە نوێیەکەی فێنەرباهچە بە خواستن لە یانەی نەسری سعودییەوە پەیوەندی بە یانەی فێنەرباهچە کردووە، ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ وەكو مووچە وەردەگرێت، ئەمەش لە كاتێكدا بوو یانە سعوودییەكە دەیویست لەم خواستنەوە سوودێكی دارایی لەو یاریزانە وەربگرێت، بەڵام یانە توركییەكە ئەو یاریزانەی رازی كرد بۆ ئەوەی فشار لەسەر نەسر دروست بكات و پەیوەندی بە خولی توركیا بكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە ئێندەرسۆن تالیسکا یاریزانی پێشووی یانەی نەسر کە زستانی ڕابردوو پەیوەندی بە یانەی فێنەرباهچە کردووە، ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

یانەكانی توركیا بۆ یەكەمجار خەزێنەكەیان كردەوە
ـ گەڵاتەسەرای لەم هاوینەدا نزیکەی 148 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردووە، ئەمەش یەكەمجارە لە مێركاتۆ ئەم پارەیە خەرج دەكات، بەوپێیەی تێچووی ڤیکتۆر ئۆسیمین بە 75 ملیۆن یۆرۆ، ویلفرید سینگو لە مۆناکۆ بە 30 ملیۆن یۆرۆ، لە لایەكی دیكەیشەوە لیرۆی سانێ و ئیلکای گۆندۆگان بە گرێبەستی ئازاد روویان لە گەڵاتەسەرای كردووە.
یانەی فێنەرباهچە، دووەم یانەی تورکی بوو کە زۆرترین خەرجی کردووە و بڕی 87 ملیۆن یۆرۆی لە مێركاتۆ هاوینە خەرج كردووە، لە بەرامبەردا زۆرترین مووچەی داوەتە ئاکتورکۆئۆغلۆ كە لە یانەی بێنفیكا بە بڕی 22 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ پەیوەندی بە یانەكە كردووە.
ـ فێنەرباهچە لەم هاوینە چەندان یاریزانی ناوداری گواستووەتەوە، دیارترینیان مارکۆ ئاسێنسیۆ لە پاریس سانجێرمان بە بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ، ئیدەرسۆن لە مانچێستەر سیتی بە بەهای 11 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەش نیلسۆن سێمیدۆ لە یانەی وۆڵڤەرهامپتۆن واندێرێرزەوە پەیوەندی بە یانەكە كردووە.
ـ بێشکتاش لەم هاوینەدا نزیکەی 38 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردووە، لە کاتێکدا یانەی ترابزۆنسپۆر بایی 30 ملیۆن یۆرۆ یاریزانی گواستووەتەوە.

یانە توركەكان ریكۆردیان تۆمار كرد
یانە تورکەکان لەم وەرزەدا بایی 332.17 ملیۆن یۆرۆ یاریزانیان گواستووەتەوە، لە کاتێکدا وەرزی ڕابردوو 221.6 ملیۆن یۆرۆ، وەرزی 2023-2024 تێچووی گواستنەوەی یاریزانان گەیشتە 177.9 ملیۆن یۆرۆ.
ئەمەش لە كاتێكدایە یانەكانی گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە و بێشتكتاش بارگرانییەكی دارایی و قەرزێكی زۆریان لەسەرە، بەڵام گوێ بەو قەرزانە نادەن و لە كێبڕكێ دان بۆ شكاندنی ریكۆردی گواستنەوەی یاریزانان.
كۆی قەرزەكانی چوار یانە گەورەكەی توركیا (گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە، بێشیکتاش و ترابزۆنسپۆر) یەک ملیار یۆرۆ تێدەپەڕێنێت، چونکە بەو داهاتانەی لەبەردەستیان ناتوانن تێچووی خەرجییەكانیان دابین بكەن.

بەڵێنیان پێدراوە قەرزەكانیان لەسەر سووك بكرێت
لەم ساڵانەی دواییدا، گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە و بێشكتاش هەوڵێكی زۆریان بۆ زیادکردنی داهاتەکانیان دا و حكوومەتیش زۆر هاوكاری كردوون، بەجۆرێك بە پاڵپشتی دەستەی سەرمایەدارەكانی تورکیا و لەژێر چاودێری وەزارەتی گەنجینەی داراییدا، گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە و بێشکتاش زنجیرەیەک پشکیان بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە لە وەبەرهێنەران پێدرا، جگە لەوەش كارئاسانیان بۆ كراوە بۆ ئەوەی قەرزەكانیان لەسەر سووك بكرێت و دەرگای گواستنەوەی یاریزانانیان لە مێركاتۆی ئەم هاوینە لەبەردەمیان كراوەتەوە و دەتوانن تا 12ـی ئەم یاریزانە دیكەی زیاتریش بگوازنەوە.
لە ئێستادا یانەكانی گەڵاتەسەرای و فێنەرباهچە كە لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ یاریی دەكەن، لە گواستنەوەی یاریزانان بەردەوامن، هەردوویانە لەسەر گواستنەوەی (لوكمان) ئەستێرەی یانەی ئاتاڵانتا لە كێبڕكێ دان و هەردوولا ئۆفەریان بۆ گواستنەوەی پێشكەش كردووە.
یانەکانی تورکیا دەیانەوێت گرێبەستی گەورە واژۆ بكات بۆ ئەوەی بەهێزەوە بێنە نێو ركابەری نازناوەكانی ئەورووپا، یانەی گەڵاتەسەرای تاكە یانەی توركیایە نازناوی ئەورووپای بردووەتەوە كە تێیدا لە وەرزی 1999 ـ 2000 نازناوی یۆرۆپالیگ و سووپەری ئەورووپای لە هەمان وەرز بەدەستهێنا. ئەوەی ڕکابەرییەکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەوروپا بکەن. یانەی گەلاتەسەرای کە تاکە یانەی تورکیە نازناوی ئەوروپای بەدەستهێنابێت، تەنها لە وەرزی 1999-2000 جامی یەکێتی ئەوروپا و هەمان ساڵ جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێناوە.
بەرزترین ئاستی گەڵاتەسەرای لە چامپیۆنزلیگ گەیشتنی بووە بە قۆناغی چارەكی كۆتایی لە وەرزەكانی (2000 ـ 2001) و (2012 ـ 2013)، لە بەرامبەردا فێنەرباهچەش گەورەترین ئاستی لە خولەكانی ئەورووپا، گەیشتنی بوو بە چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2008، لەگەڵ گەیشتنی بۆ قۆناغی پێشكۆتایی یۆرۆپالیگی 2013، لە لایەكی دیكەیشەوە، بێشكتاش دووجار لە ساڵەكانی 2003 و 2017 گەیشتووەتە چارەكی كۆتایی یۆرۆپالیگ.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment