سەرۆک بارزانی: کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش

سەرۆک بارزانی، هۆشداری له کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دهدات و ڕایدهگهیهنێت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە؛ هاوکات هیواشی خواست ناکۆکییەکانی کورد و عەرەب لە سووریا نەبێتە هۆی دەستوەردانی دەرەکی، هەروەها سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە کرد.
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ فرانس24 لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2025، گوتی: "بە دڵنیاییەوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش، ڕووبەڕووی هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 دەبینەوە و داعش زیندوو دەبێتەوە."
سەرۆک بارزانی هۆشداریشی دا و ڕایگهیاند، "داعش مەترسییەکی جیددییە و چەندین جار بە فەرمی ئەوەمان دووپات کردووەتەوە و ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئێمە."
هاوکات سەرۆک بارزانی لە بارەی دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق کە لە ئاداری ئەمساڵ بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانییان واژۆ کرا و هێشتا جێبەجێ نەکراوە، ئاماژەی بهوه دا، نیگەرانە لەوەی دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب خراپتر ببێت و وای لێ بێت دەستوەردانی دەرەکی ڕوو بدات.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردووەتەوە، "دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بە شهڕ نا، چونکە شهڕ چارەسەر نییە، هاوکات دەسەڵاتی نوێ دەبێت هەموو پێکهاتە جیاوازهكانی وڵاتهكهی و تایبهتمهندییهكانیان لەبەرچاو بگرێت."
لە بارەی هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر سووریا، سەرۆک بارزانی گوتی: تورکیا پشتگیری پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات، بە هەمان شێوە ئێمەش پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین. دەشڵێت: "پێکەوە هەوڵمان داوە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت”.
هەروەها سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی: پێم وایە ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە هۆی ئاشتی لە ناوچەکە و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراویان.
دەقی چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ فرانس24
فرانس24: بەڕێز بارزانی، دەمەوێت لە دۆخی سووریا دەست پێ بکەم. لە دوای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی نوێ، توندوتیژییەکی زۆرمان بینیوە دژی کەمینەکان، عەلەوییەکان، درووزەکان و هەروەها کوردەکانیش. لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا واژۆ کرا، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە. ئایا هەست بە توندوتیژی زیاتر و تەنانەت شەڕی ناوخۆ دەکەن؟
سەرۆک بارزانی: بێ گومان، گۆڕانکاری لە ڕژێمی سووریادا دەبێتە چارەسەر بۆ ژمارەیەک لە کێشەکانی سووریا. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ دڵنیابوون لە یەکڕیزی کورد و گەیشتن بە ئاشتی. ئێمە پشتگیریی کوردی سووریامان کردووە. من چاوم بە مەزڵووم عەبدی کەوت و هەروەها پشتگیریی ئەو ڕێککەوتنەم کرد کە لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدیدا واژۆ کرا. نیگەرانین کە ڕەنگە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی بڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دڵنیاین کە نابێت ئاشتی لە بیر بکەین. گەورەترین ترسی من ئەوەیە کە جۆرێک لە دەستوەردان ڕوو بدات و ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان گەلی کورد و گەلی عەرەبدا. ئەمە گەورەترین ترسی منە و ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکەین. دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەین. نابێت سەرنجمان لەسەر شەڕ بێت، چونکە شەڕ چارەسەر نییە. بە ڕای من، دەسەڵاتە نوێیەکان دەبێت هەموو تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەکانی وڵاتەکە لەبەرچاو بگرن. دەبێت هەموو پێکهاتەکان و هەموو ئەو شتانەی کە ئەوان جیاواز و تایبەت دەکات لەبەرچاو بگرن، ئەگەر نا ئەنجامێکی خراپی دەبێت.
فرانس24: ئێوە دەڵێن نیگەرانی دەستوەردانی دەرەکین. با بە ڕوونی قسە بکەین. تورکیا هەڕەشەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە. ئەوان دەڵێن، هەسەدە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا ناوێت. هەروەها لەلایەن تورکیاوە تۆمەتبار کراون بەوەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە. ئێوە پەیوەندییەکی زۆر باشتان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەیە. ئایا داوای لێ دەکەن کە دەستوەردانی سەربازی نەکات؟
سەرۆک بارزانی: ئێمە پەیوەندییەکی بەردەواممان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەیە، بە شێوەیەکی ئاسایی، هەندێک شت هەن کە پێویستە لەگەڵ تورکیا کاریان لەسەر بکەین. تورکیا پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتییانە دەکەن. ئەوانیش وەک ئێمە پشتگیرییان لە ڕێککەوتنەکەی مانگی ئادار کرد. پێکەوە هەوڵمان داوە دڵنیا ببینەوە کە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هەندێک سەختی و ئاستەنگ هەبوون و ڕێگاکە ئاسان نییە.
فرانس24: دەتوانن پێمان بڵێن ئایا ئێوە دژی دەستوەردانی سەربازیی تورکیان لە سووریا دژی ئەم هێزە؟
سەرۆک بارزانی: من باوەڕ ناکەم ئەم گرووپانە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بن. سەرکردەکانی تورکیا خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک و بۆ ئەوەی چارەنووسی گەلی کورد ڕوونتر بێتەوە و دوور بکەونەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە.
فرانس24: باسی تورکیا دەکەین، لەم دواییانەدا پێشهاتێکی گەورە ڕووی دا، بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی. ئایا ئەمە وەرچەرخانێکی چارەنووسسازە کە کاریگەریی لەسەر ناوچەکەی ئێوەش هەیە، چونکە لێرە (ههرێمی كوردستان) چەکدانانەکەیان ئەنجام دەدرێت؟ ئایا ئەمە بە ڕاستی ڕوودەدات؟
سەرۆک بارزانی: سهرهتا دەمەوێت بڵێم کە ئێمە هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاشتی. ئەوەی ئەمجارە جیاوازە، خودی پرۆسەی ئاشتییەکەیە لەلایەن حکوومەت، پەرلەمان و هەروەها ڕای گشتییەوە. لە تورکیا، دەبینین هەمووان لایەنگری پرۆسەی ئاشتین. ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە. گەلی کورد لەناو پەکەکەدا، زۆرینەیان پشتگیری لە ئاشتی و پرۆسەکە دەکەن. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە هیوامان بۆ خواستووە. تەنانەت پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان شاندێکی بۆ بینینی من نارد. توانیمان باسی پشتگیریی فەرمی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی بکەین و هەموو شتێک کە داوامان لێکرا ئەنجاممان دا. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەمە و هیوادارین پرۆسەکە ئاشتیی بهێنێت و ببێتە گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە تەواوی ناوچەکەدا.
فرانس24: بیستوومە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگهێشتی کردوون سەردانی بکەن. ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئایا سەردانی دەکەن؟ و ئایا پێتان وایە بۆ یارمەتیدانی ئەم پرۆسەیە، پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکرێت؟
سەرۆک بارزانی: هیوادارم بتوانم چاوم پێی بکەوێت، بەڵام لە دەرەوەی زیندان.
فرانس24: ئایا داواتان له ئەردۆغان کردووە ئۆجهلان ئازاد بکات؟
سەرۆک بارزانی: بهم زووانه چاوم پێی نەکەوتووە، بەڵام هەست دەکەم کە ئازادکردنی ئەو، یەکێک دەبێت لە دەرەنجامەکانی پرۆسەی ئاشتی.
فرانس24: با ئێستا بێینە سەر باسی عێراق. جارێکی دیكه، هێزەکانی ئەمەریکا دەکشێنەوە. پلانەکە ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی 2025 لە تەواوی عێراق و تا کۆتایی ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. ئایا ترستان لەوە هەیە کە ئەمە بۆشاییەک دروست بکات؟ هەموومان لەبیرمانە چی ڕوویدا دوا جار کە هێزەکانی ئەمەریکا کشانەوە؛ داعش سهریههڵدا. ئایا ئێوەش هەمان ترستان هەیە یان دۆخەکە تەواو جیاوازە؟
سەرۆک بارزانی: هیچ گومانێک نییە. ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە، ئەوا ڕووبەڕووی هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 و داعش دەبینەوە و دووبارە سەرهەڵدەداتەوە،
فرانس24: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێستا واتان گوت، ئایا داواتان لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو هێزەکان نەکشێنێتەوە؟
سەرۆک بارزانی: من باوەڕم نییە هێزەکان به تهواوی بكشێنهوه. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە وڵاتەکەمان پێویستی بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەیە. هۆکارەکەشی ئەوەیە داعش مەترسییەکی زۆر ڕاستەقینەیە و ئێمە بە فەرمی گوتوومانە کە ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە. ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئێمە.
فرانس24: لە مانگی تەممووزدا ژمارەیەکی زۆر هێرش ئەنجام دران، بەتایبەتی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە. ئەندامێکی دیاریی پارتهكهتان، حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی کە دەزانێت کێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە، بەڵام ناوێرێت بە ئاشکرا باسیان بکات و ناویان بهێنێت و بیانناسێنێت، ئایا ئێوە لەگەڵ ئەودا هاوڕان و بە ڕای ئێوە کێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە؟
سەرۆک بارزانی: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنرا. لێکۆڵینەوەکە بۆ ئەوە بوو کە بزانرێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کوێوە هاتوون. پلانەکە ئەوەیە کە دەرەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە کاتی خۆیدا بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکرێن. من نامەوێت ئێستا پێش ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، هیچ لێدوانێک بدەم یان هیچ وردەکارییەک لەسەر ڕاپۆرتەکە بدرکێنم.
فرانس24: باشە، ئێمە گوێمان لە زۆر بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن. ئەمە بە ئاشکرا گوتراوە. ئایا ئێوەش هەمان بۆچوونتان هەیە؟ ئێمە دەزانین کە لە ڕابردوودا ژمارەیەک دەستوەردان لەلایەن ئەو هێزانەوە لە ههرێمهكهی ئێوەدا هەبووە.
سەرۆک بارزانی: بە دڵنیاییەوە، هەندێک لایەنی ناسراو هەن، بەڵام ئێمە هەموو کەسانی نێو حەشدی شەعبی تۆمەتبار ناکەین. هەندێک گرووپی دیاریکراو هەن کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، پێش ئەوەی ڕاپۆرتەکە بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە، نامەوێت لێدوان لەسەر هیچ وردەکارییەکی دیاریکراو بدەم. جگە لەوە، هەموو شتێک ڕوونە.
فرانس24: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ماوهی چهند ساڵاێکە ئاڵۆزن. لەم دواییانە و لە مانگی ئايار کێشەیەک دروست بوو. حکوومەتی ناوەند، گواستنەوەی دارایی و بەتایبەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگرت. وا دەردەکەوێت ڕێککەوتنێک لەسەر ئەمە کراوە و هەروەها لەسەر ئەگەری هەناردەکردنی نەوت. ئایا ئەمە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەیە یان هێشتا کێشە ماوە و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هیچ متمانەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدادا نییە؟
سەرۆک بارزانی: بە داخەوە، کێشە هەیە، پێویستە لەو بارەوە ڕاستگۆ بین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ کارکردن لەسەر کێشەکان، ئەوا دەتوانین سەرکەوتوو بین. ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە نەخشەڕێگایە بۆ ئێمە و بۆ بەغدا. ئێمە داوای هیچ شتێک ناکەین زیاتر لەوەی کە لە دەستووردا هاتووە، بەڵام ڕێگە نادەین دەستوور پێشێل بکرێت. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە دەستوور جێبەجێ بکرێت. هەروەها کێشەی داننان بە سیستەمی فیدراڵیش هەیە. ئەمە کێشەیەکی ئێستایە کە بەغدا ددان بە فیدراڵیزمدا نانێت.
فرانس24: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، بەڵام لەو کاتەوە پەرلەمان پێک نەهێنراوە، ئایا نیگەرانی ئەمەی؟
سەرۆک بارزانی: ڕاستە. جێگەی داخە کە ئێمە زۆر دڵخۆش نین بەم دۆخە. هیوادارین لە مانگی ئەیلوول یان لە ڕۆژانی داهاتوودا، پەرلەمان بتوانێت جارێکی دیكه کۆببێتەوە بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێ و پێکهێنانی حکوومەت.