بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ناوچەیەکی پیشەسازی لە زاخۆ دروست دەکرێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی مۆدێرن بەردەوامە، کە بە یەکەم ناوچەی پیشەسازی دادەنرێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە بەپێی ماستەرپلانێکی پێشکەوتوو جێبەجێ بکرێت. پرۆژەکە لە شوێنێکی ستراتیژیدایە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و پیشەسازی لە ناوچەکەدا.
پرۆژەکە دەکەوێتە گوندی هێتیان لە سنووری ناحیەی ڕزگاری، کە تەنیا 10 خولەک لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە دوورە. لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کە خۆی لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری وەک ڕێگاوبان و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا دەبینێتەوە، دەستی پێکردووە.
سیزار شاکر، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، بە کوردستان 24ی گوت: "ڕووبەری پرۆژەکە زیاتر لە 800 دۆنمە و چەندین بەشی جیاواز لە خۆ دەگرێت، وەک کۆگای ئاسایی و ساردکەرەوە، کارگەی خۆراک، پیشەسازیی پترۆکیمیایی، هەروەها پیشەسازیی تایبەت بە ئۆتۆمبێل، پێشانگا، بانک و ناوەندی خزمەتگوزاری."
یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. بە گوتەی ئەندازیار سیزار، "سەدا سەدی کرێکار و کارمەندانی پرۆژەکە خەڵکی زاخۆ و دەوروبەرین."
پرۆژەکە نەک هەر فشار لەسەر سەنتەری شاری زاخۆ کەمدەکاتەوە بە گواستنەوەی کارگە و پیشەسازییەکان بۆ دەرەوەی شار، بەڵکوو دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی ناوچەکە و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر. تێچووی پرۆژەکە شەش ملیار دینارە و لەلایەن وەبەرهێنێکی خەڵکی زاخۆوە جێبەجێ دەکرێت.