20 هەزار خێزانی غەززە لەسەر شەقامەکان دەژین

باکوور و ڕۆژهەڵاتی غەززە بەتەواوی خاپوور بووە، خەڵک بەردەوام کۆڵ و باریان بەپشتەوەیە لەم جێگە بۆ ئەو جێگە کۆچدەکەن، نازانن شوێنی داهاتوویان کوێیە.

بەرپرسانی غەززەش دەڵێن: 20 هەزار خێزان تەنانەنەت خیوەتیشیان دەستناکەوێت بچنە ژێری، بەڵکو لەبەر هەتا و لەسەر شەقامەکان دەژین. ئەوان خانووەکانیان بەجهێشتووە و هیچ هیوایەکیشیان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان نییە.

گواستنەوەی زۆرەملێ، خێزانەکانی غەززەی لە ڕەگەوە هەڵکێشاوە، منداڵ و ئافرەت بە رێگەیەکدا دەڕۆن و کۆچدەکەن، کە لێوانلێوە لە دەنگی فیشەک، ئەو خانووانەی دەیان ساڵ هەوڵیان بۆ دروستکردنیدا بەجێیان هێشت، ئەو شوێنەشی کۆچی بۆ دەکەن هیچ ئارامی و پارێزراوی تێدانییە.

ئاوارەیەکی غەززە بە کوردستان24ـی گوت: ئاوارەکانی غەززە هەموویان چەند جارێک ئاواربوون، ئێستاش ئەم نوسراوەمان بەسەردا بەردەدەنەوە و باسی شوێنی پارێزراو دەکەن، ئەو شوێنەی باسی دەکەن بۆ نیوەی ژمارەی ئێمە دەستنادات کە دوو ملیۆن ئاوارەین.

هەزاران خێزان دەڕۆن و ئەوەی پێیان هەڵدەگیرێت لەگەڵ خۆیانی دەبەن، ماوەیەکی زۆر بەپیادە دەڕۆن. بەدوای خیوەتێک یان شوێنێک دەگەڕێن بیانپارێزێت، بەڵام غەززە هیچ پەناگەیەکی تێدا نەماوە، نزیکەی 20 هەزار خێزان بەبێ شوێن و جێگان، خانووەیەکیان نییە ماندوێتی ئاوارەییان لە بیربباتەوە.

عەلا مەرتەجی، چاودێری سیاسی گوتی: بەداخەوە هیچ شوێنیکی پارێزراو لە غەززە نەماوە، هەموو شوێنێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکراوە، خەڵکیش بەردەوام کۆچ دەکەن، هەرچەندە کۆچکردنیش نابێتە هۆکاری پاراستنیان لە کوشتن.

منداڵێکی غەززەش دەلێت: خەڵکی غەززە توانایان نەماوە چیتر ئەوەندە ئاوارەیی ببینن، لەچەند شوێنێک ئاوارەبووین و زیانی قورسمان بەرکەوت، بەڵام چیتر ناتوانین ئەوەندە بەرگەی ئاوارەیی بگرین.

بۆردوومان بەردی بەسەر بەردەوە نەهێشتووە، گەڕەکەکان خاپوور بوون، باکوور و ڕۆژهەڵاتی ‌غەززە چیتر بەکەڵکی ژیان نەماون، منداڵان گەڕەکەکانیان بەچاوی پڕ فرمێسکەوە بەجێدەهێڵن، پرسیاری یارییەکانیان دەکەن، بەڵام جگە لە تۆز و وێرانکاری و بۆنی مردن هیچ شتێکی دیکە نادۆزنەوە.

ئافرەتێکی غەززەیە و کەسوکاری قوربانیانە باس لەوە دەکات: نازانین سکاڵا بۆ کوێ ببەین، ئەیاندەینە دەست خودا، منداڵاکانی براکەم کوژران لە بۆردووماندا و ئێمەش هاتینە ئێرە ماڵئاواییان لێبکەین.

لە نەخۆشخانەکانیش ئازارەکە چەند هێندەیە، ژمارەی برینداران رۆژانە زیاتر دەبێت، سیستەمی تەندروستی نزیکە لەوەی هەرەسبهێنێت، خەڵکیش بەکوڵ بۆ کەسوکار و خۆشەویستانیان دەگرین.

غەززەی ئێستا تەنیا شوێنیک نییە، بەڵکو هاواری مرۆڤایەتی، ئاوارەیی بەکۆمەڵ، خوێنی ڕژاوە، هەزاران ئاوارەش هەموو شتێکیان جێهێشتووە و بەرەو نادیاریی کۆچیان کردووە بەدوای هەلی ژیان دەگەڕێن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment