لەدژی جوڵەکانی ئەمەریکا، ڤەنزوێلا 25 هەزار سەرباز لەسەر سنوور جێگیر دەکات

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، 25 هەزار سەربازی لە ویلایەتەکانی هاوسنووری کۆڵۆمبیا و بەدرێژایی سنووری دەریایی کۆکردووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا پەرەی سەندووە، چونکە ئەمەریکا کەشتییە جەنگییەکانی لە نزیک ئاوەکانی ڤەنزوێلا جێگیرکردووە.
کۆکردنەوە و بردنی دەیان هەزار سەربازی ڤەنزوێلا لەکاتێکدایە بڕیارە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی ناوچەکە بکات.
نئکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە پەیامێکیدا گوتی: فەرمانم داوە 25 هەزار ئافرەت و پیاو لە هێزە چەکدارە نیشتمانییەکانمان ڕەوانەی سنووری کۆلۆمبیا و کەنارەکانی کاریبی کە گرنگترین پاڵاوگەی نەوتی وڵاتەکەی لێیە و کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی جێگیر بکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوەی ئەم سەربازانە، بۆ بەرگریکردنە لە سەروەری نەتەوەیی و ئاسایشی وڵات.
هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا زیاتر لە چوار هەزار سەرباز و کەشتی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە باندە ماددە هۆشبەرەکانی ئەمەریکای لاتین دەکاتە ئامانج.
هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکیان لە کەنارەکانی کاریبی ئەنجامدا و بەلەمێکیان نوقم کرد کە بە گوتەی خۆیان سەر بە باندێکی ڤەنزوێلایە کە بە ترێن دی ئاراوجا ناسراوە، کە ماددەی هۆشبەریان بە قاچاخ دەبردە ئەمەریکا، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 11 کەس.
ڕۆژی هەینی، مادۆرۆ بەڵێنی دا بەرگری لە "سەروەری ڤەنزوێلا" بکات لە کاتێکدا گرژییەکان لەسەر جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە کەنارەکانی کاریبی زیاتر بووە و داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد، بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان گفتوگۆ بکەن.