دوای ڕووخانی ئەسەد زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا، ئەو هاووڵاتیانەی ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا بوون، بە لێشاو دەستیان کردووە بە گەڕانەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی سووری گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند "گەڕانەوەی ئەو سوورییانەی کە ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەیان بوون، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهانی هاوکاری و ئاسانکاریی زیاتری ئەو پەنابەرانە بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پاڵپشتی زیاتری ئەو وڵاتە بکات بۆ سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنیی سووریا، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ زیاتر گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی بە هۆی ئەمنی و نالەباری دۆخی وڵاتەکەیان بۆ ژیان، لە ڕابردوودا سووریایان جێ هێشتووە.
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاشکرای کردووە، لە نێوان ئەو ئاوارانەی کە گەڕاونەتەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار کەسیان لە دەرەوەی سووریاوە گەڕاونەتەوە، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزار کەسی دیکە، ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکەیان بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
