عراقچی: گومانمان لە نیازپاکیی ئەمەریکا هەیە، بەڵام بۆ دانوستان ئامادەین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی ڕایگەیاند، تاران "هێشتا بڕوای نییە" کە واشنتن ئامادەی دانوستانی "جیدی و ڕاستەقینە" بێت. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر ئەمەریکا شێوازی مامەڵەکردنی بگۆڕێت و ئامادەی دانوستانێکی ئاسایی و هاوسەنگ بێت، ئێمەش ئامادەین."

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، عراقچی، داوای لە ژاپۆن کرد بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خۆی لە بواری ڕووداوە ئەتۆمییەکاندا، زانیاری و شارەزایی تەکنیکی لەگەڵ تاران هاوبەش بکات. ئەم داواکارییەش بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە دێت کە بە وتەی عراقچی "لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمەریکادا کراونەتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە."

وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بە "گەورەترین پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد، بەوپێیەی ئەو دامەزراوانە لەژێر چاودێری و پارێزبەندیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)دان.

سەبارەت بە وەستانی دانوستانەکان، عراقچی، جەختی کردەوە ئێران دەرگای بۆ دیپلۆماسی دانەخستووە، بەڵام مەرجی ئەوەیە دەرئەنجامەکە "دادپەروەرانە و هاوسەنگ" بێت. هەروەها هۆکاری گومانەکانی تارانی بۆ کشانەوەی واشنتن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 و پشتیوانییەکانی بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل گەڕاندەوە و گوتی: "دانوستان لەگەڵ فەرزکردن و دیکتاتۆری جیاوازە؛ ئێمە هێشتا دڵنیا نین کە ئەوان ئامادەی دانوستانی ڕاستەقینە بن."

بە بڕوای عراقچی، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان پەیوەستە بە ڕەتکردنەوەی مافی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ خاوەندارێتی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتیانە و پیتاندنی یۆرانیۆم بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامادە نییە بچێتە ژێر پابەندییەکانی ئەو پەیماننامەیەوە.

ڕاشیگەیاند، تاران ئامادەیە سنووردارکردن لەسەر "ئاستی پیتاندن" و جۆرەکانی سەنتەرفیوج قبووڵ بکات، بەو مەرجەی ئەمەریکا سزاکان هەڵبگرێت و دان بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیانەکەی ئێراندا بنێت. بە وتەی ئەو، ئەگەر ئەمەریکا ڕێبازێکی هاوسەنگ بگرێتەبەر، "دانوستانەکان دەتوانن بە خێرایی پێشبکەون."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل