پزیشکیان جەخت لە یەکپارچەیی خاک و گەلی ڤەنزوێلا دەکاتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا ڤەنزوێلییەکەیدا دوا و ڕایگەیاند، ئەزموونی ئێران نیشانی داوە کە شکستی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتەکەمان، لە ئەنجامی یەکێتیی نیشتمانی و هاوپشتیی ناوخۆییەوە بووە، تا ئەم یەکێتییە پارێزراو بێت، هیچ هێزێکی بیانی ناتوانێت زیان بە گەل و وڵاتەکەمان بگەیەنێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا ، بە تەلەفۆن دەربارەی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێکارەکانی پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

پزیشکیان لەم گفتوگۆیەدا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە ڕاپۆرتی سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا سەبارەت بە یەکگرتوویی نیشتمانیی پێکهاتوو لەو وڵاتە، جەختی کردەوە "ئەزموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە کە شکستی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە ئەنجامی هەمان یەکێتیی نیشتمانی و هاوپشتیی ناوخۆییەوە بووە، کە هێزێکی بێکۆتایی بە گەلەکەمان بەخشیوە و تا کاتێک ئەم یەکێتییە پارێزراو بێت، هیچ هێزێکی بیانی ناتوانێت زیان بە گەل وڵاتەکەمان بگەیەنێت."

سەرۆک کۆماری ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیی بێمەرجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند "ئێران هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بە توندی ئیدانە دەکات و بە هەموو توانایەکەوە، پشتگیری لە یەکپارچەیی خاک و گەلی ڤەنزوێلا دەکات. هیوادارین لە سایەی یەکێتی و هاوپشتیی پێکهاتوو لە ڤەنزوێلا، ئەم وڵاتە لەسەر ڕێگای سەربەرزی و پێشکەوتن، سەرکەوتوو و سەرفراز بەردەوام بێت."

پزیشکیان، وێڕای پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکانی ڤەنزوێلا بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی، جەختی لەسەر ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەرەپێدانی هاریکارییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەم وڵاتە دۆست و هاوپەیمانە کردەوە.

سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا لە وەڵامدا، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکێتیی تەواو لە وڵاتەکەیدا، گوتی: "ئەمڕۆ ڤەنزوێلا لە سایەی هاوپشتیی نموونەیی نێوان حکوومەت، گەل و هێزە چەکدارەکان، بە هێزێک گەیشتووە کە ئێمە لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرکیدا، پارێزراو و پتەو ڕادەگرێت."

نیکۆلاس مادورۆ، بە ئاماژەدان بە کەشسازیی میدیایی و ئۆپەراسیۆنی دەروونیی ئەمەریکا دژی وڵاتەکەی، گوتی: "ئەمەریکا بە دروستکردنی گێڕانەوەیەکی ساختە و درۆ، لە هەوڵی لەکەدارکردنی وێنەی ڤەنزوێلادایە، گێڕانەوەیەک کە تەنانەت لەنێو ڕای گشتیی خەڵکی خۆشیاندا جێی قبووڵ نییە. ئێمە لە ئارامییەکی تەواودا بەسەر دەبەین، بەڵام بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و ئامادەیی تەواوەوە، لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریدا دەوەستینەوە."

مادورۆ، وێڕای دەربڕینی پێزانینی بۆ پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حکوومەت و گەلی ڤەنزوێلا، گوتی: "ئەمڕۆ، ئێران و ڤەنزوێلا زیاتر لە هەر کاتێکی تر یەکگرتوون. پشتیوانیی ئێوە، هاندەرێکی دوو هێندەیە بۆ ئێمە لەسەر ڕێگای پاراستنی سەربەخۆیی، سەربەرزی و کەرامەتی نیشتمانی و لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هاریکارییە هاوبەشەکاندا."

 
Fly Erbil Advertisment