له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوانبارانی داعش به‌ چاودێری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دادگایی ده‌كرێن

بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "رێبه‌ر ئه‌حمه‌د" کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

لیژنەی باڵای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لیژنەی لێکۆڵینەوە و بە دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (12ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020) بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "رێبه‌ر ئه‌حمه‌د" کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون "عەبدولحەکیم خەسرەو"، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کرایەوە.

گوتیشی: كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت تاوانبارانی داعش لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە چاودێری تیمی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن.

له‌ دوای په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌لامارانه‌ له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌، ده‌یان چه‌كدار و ئه‌ندامی رێكخراوی داعش، له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوون و ژماره‌یه‌كیشیان تاوانی دژ به‌ مرۆییان له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كان و كاكه‌یی و شه‌به‌ك و پێكهاته‌ ئاینییه‌كانی كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات بۆ به‌ به‌ڵگه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانانه‌ی داعش له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامیداوون و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی تا ئێستا له‌ زیندانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ و دادگا له‌ باره‌یانه‌وه‌ بڕیاری نه‌داوه‌.

 

ئ.ر