شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات گەیشتە هەولێر

شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید موبارەک هاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری تایبەت بە هەرێمی کوردستان، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
شاندەکەی دەوڵەتی ئیمارات لە لایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازییان لێ کرا.
سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان. بڕیارە شاندەکە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، شاندێكی دەستەی وهبهرهێنهرانی ههرێمی كوردستانیش سهردانی ئیماراتیان كردووه و، وهبهرهێنهرانی ئیمارات هاندهدرێن له ههرێم وهبهرهێنان بكهن.
ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو وڵاتە، لە ساڵی 2006ەوە، وەبەرهێنان و کارە بازرگانییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا پەرەپێداوە، بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کار بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە ئابوورییە زیاتر کراوە.
زیاتر لە 203 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە 15یان کۆمپانیای گەورەن و بە فراوانی کاری بازرگانی دەکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاستی هاوردەی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی 30 ملیار دۆلارە. ئاستی هەناردەش بۆ ئەو وڵاتە، نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلارە.