چۆن تورکیا ژیانی سەرکردەکانی حەماسی لە هێرشەکەی سەر قەتەر ڕزگار کرد؟

پسپۆڕێکی سیاسی و ستراتیجی ڕایگەیاند، چوار خولەک پێش هێرشەکەی دەوحە، تورکیا سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردبووەوە، شوێنی کۆبوونەوەکەیان بەجێ بهێڵن.
دکتۆر محەممەد ئەلمسری، پسپۆڕی کاروباری سیاسی و ستراتیجی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردبووەوە شوێنی کۆبوونەوەکەیان لە دەوحە بەجێبهێڵن، دوای ئەوەی تێبینی فڕینی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلییان بەرەو قەتەر کردبوو.
بە گوتەی ئەلمسری، تەنیا چوار خولەک پێش هێرشەکەی ئیسرائیل، سەرکردەکانی حەماس باڵەخانەکەیان بەجێ هێشتبوو و لە کوشتن ڕزگاریان بووە.
هەر لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی دەوحە، تورکیا و میسر بە شێوەیەکی گشتی سەرکردەکانی حەماسیان ئاگادار کردبووەوە، ڕێوشوێنی خۆپارێزییان زیاتر بکەن، چونکە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلییان لەسەرە، بەتایبەتی دوای شکستی گفتوگۆکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل چەند مانگێک لەمەوبەر ئامادەکاری بۆ هێرشە مووشەکییەی سەر دەوحە کردبوو، بەڵام چاوەڕێی گەیشتنی گفتوگۆکان بە ئەنجامێک بوو، بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس. کاتێک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گفتوگۆکان بێسوودن، بڕیاری داوە هەموو سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی کەرتی غەززە بکوژێت.
هێرشەکەی سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە
نزیکەی کاتژمێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ، ئیسرائیل لە ڕێگەی زیاتر لە 15 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی مووشەکی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی مانەوەیان لە دەوحە.
لە کاتی هێرشەکەدا، شاندی دانوستانکار سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوون، بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلی و زیندانییە فەڵەستینییەکان.
فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییەکان، بە دەیان مووشەک زیاتر لە 10 باڵەخانەیان لە دەوحە بۆمباران کرد، کە هەموویان تایبەت بوون بە سەرکردە و ئەندامانی حەماس و خێزانەکانیان.
کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، هەموو سەرکردەکانی حەماس کە لە نێو کۆبوونەوەکەدا بوون، کوژراون، لە نێویاندا خەلیل حەیە، سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستانکار؛ خالد مشعەل، بەرپرسی حەماس لە دەرەوە و زاهر جەبارین، بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی ڕۆژئاوا.
بەڵام نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە، واتا چوار کاتژمێر دوای هێرشەکە، حەماس ڕزگاربوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەکەی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن ڕاگەیاند. هاوکات نەیشاردەوە، پێنج کەس لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، کە یەکێکیان کوڕی خەلیل حەیە بووە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
هێرشەکە کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. وڵاتان پشتیوانیی خۆیان بۆ قەتەر دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە، ئیسرائیل بەم هەڵسوکەوتانەی، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات. قەتەریش بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و دووپاتی کردەوە، مافی وەڵامدانەوەیی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە، بەبێ ئەمەریکا و بە تاک لایەنە هێرشەکەیان کردووە و بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن. هاوکات دووپاتی کردەوە، هەر شوێنێک سەرکردایەتیی حەماسی لێ بێت، هێرشی دەکەنە سەر و هیچ جێگەیەک سەلامەت نییە بۆیان.
هەر لە هەمان ڕۆژی هێرشەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجام دا. ترەمپ دڵنیایی پێ دا کە واشنتن لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە و بەڵێنی دا هێرشی هاوشێوە بۆ سەر دەوحە دووبارە نابێتەوە. هاوکات پێی گوت "بە ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی خۆمم گوتبوو، ئاگادارتان بکاتەوە لە هێرشەکە، بەڵام دیارە درەنگ پێتانی ڕاگەیاندبوو."