ئەم هەفتەیە ئامێرەکانی دەنگدان دەگەڕێندرێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن، بەمزووانە ئامێرەکانی دەنگدان دەگەڕێندرێنەوە و تیروپشکیش بۆ کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامێرەکانی دەنگدان کە بۆ نوێکردنەوە نێردراونەتە کۆریای باشوور، لە ئێستادا لە ڕێگادان بۆ عێراق. 

مەروان محەممەد باسی لەوە کرد، بڕیار وایە 14ی ئەم مانگە ئامێرەکان بگەنە بەندەری فاو و ڕۆژی دواتر بگەنە بەندەری بەسرە. دوای تەواوبوونی ڕێپێدانە ئەمنییەکان، ئامێرەکان دابەش دەکرێن بەسەر پارێزگاکان و لە بنکەکانی دەنگدان جێگیر دەکرێن.

بە گوتەی بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن "ئامێرەکان نوێکراونەتەوە و ئەو کێشانەی پێشتر لەسەریان هەبوو، چارەسەر کراون. یەکێک لە دیارترین گرفتەکان کێشەی پەنجەمۆر بوو، کە ئێستا بە دانانی کامێرا بۆ ناسینەوەی ڕووخسار، پێویستی بە پەنجەمۆر نەماوە. هەروەها کێشەی گەرمبوونی ئامێرەکان بە دانانی فێنککەرەوە (فان) چارەسەر کراوە. کۆمپانیای سەرپەرشتیاری تەکنیکی سێ پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە و هیچ تێبینییەکی جددی نەبووە کە کاریگەری لە پڕۆسەکە بکات."

 

تیروپشکی وەرگرتنی کارمەندان

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە دا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، تیروپشک بۆ وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان ئەنجام بدرێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت.

ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، لەسەر ئاستی هەولێر، 42 هەزار و 621 کەس بە مەبەستی بوون بە کارمەندی کۆمیسیۆن بۆ ڕۆژی دەنگدان، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمیان پێشکەش کردووە، بەڵام تەنیا 35 هەزار و 925 کەسیان فۆڕمەکانیان گەڕاندووەتەوە. نزیکەی حەوت هەزار کەس کە فۆڕمەکانیان نەگەڕاندووەتەوە، بێبەش دەبن لە تیروپشکەکەی 14ی مانگ.

مەروان محەممەد باسی لەوە کرد، قۆناغی یەکەمی مەشقپێکردن بە کارمەندان دەستیپێکردووە و سبەی پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، کۆتایی دێت. قۆناغی دووەم لە 21ی مانگ دەستپێدەکات و دواتر قۆناغی سێیەم کە تایبەت دەبێت بە کارمەندانی سەر سندووق.

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە 15ی ئەم مانگە کارتەکانی دەنگدان بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسەکان و دواتر دەستدەکرێت بە دابەشکردنیان بەسەر هاوڵاتیاندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment