عراقچی: ڕێککەوتنی نوێی تاران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەگەڵ یاسای پەرلەماندا دەگونجێت

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نوێی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لەگەڵ یاسای پەرلەمانی ئێراندا دەگونجێت و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تاران لەبەرچاو دەگرێت.

چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، عراقچی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ڕایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە لە سایەی هەلومەرجێکی نوێدا هاتە ئاراوە، کە دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست بوو". گوتیشی: "ئێمە وەک یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ ئاژانس، هەمیشە هاوکاریمان کردووە و بەرنامەکەشمان ئاشتیانەیە و لەژێر چاودێریی ئاژانسدا بووە، بەڵام دوای هێرشەکە، بە ئاژانسمان ڕاگەیاند، هاوکارییەکان چیتر ناتوانن وەک ڕابردوو بەردەوام بن و پێویستە چوارچێوەیەکی نوێیان بۆ دابنرێت."

عەباس عراقچی گوتیشی: لەکۆتاییدا ئاژانس ئەمەی قبووڵ کرد و دانوستانەکانمان دەست پێ کردەوە، کە ئەنجامەکەی ئەم ڕێککەوتنە بوو، گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم ڕێککەوتنە و بەڵگەنامە مۆرکراوەکە ئەوەیە کە دان بە هەلومەرجە نوێیەکاندا دەنێت و هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانس دەبێت لە چوارچێوەیەکی نوێدا بێت؛ هەروەها قبووڵ کراوە کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران ڕەوان و دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.

 وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای پەرلەمانیش بە ڕاشکاوی لەم ڕێککەوتنەدا قبووڵ کراوە؛ بەو مانایەی کە ئێران دەبێت لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا بجوڵێتەوە و بەم پێیە، هاوکارییەکانی ئێران لەم چوارچێوەیەدا و بە هەماهەنگیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە وردەکاریی ڕێککەوتنە نوێیەکە لەگەڵ ئاژانس گوتی: بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە کە هیچ دەستڕاگەیشتنێکی نوێ بە پشکێنەرانی ئاژانس نادرێت؛ تەنیا مەگەر دەستڕاگەیشتنیان بە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بە مەبەستی چاودێریی گۆڕینی سووتەمەنی و بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە پێشتریش لە ئارادا بووە و ئێستاش بەردەوامە. تەنانەت سەبارەت بە شێوازی پشکنینەکان و دەستڕاگەیشتنەکانی ئاژانس بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، لەم ڕێککەوتنەدا هیچ باسێک نەکراوە و ئەم بابەتە بۆ دانوستانێکی دیکە لە داهاتوودا دوا خراوە. بە گشتی، دەتوانین بڵێین هەنگاوێکی نوێ لە ڕێڕەوێکی دروستدا نراوە؛ هەنگاوێک کە بە تەواوی بیانووی ناحەزانی ئێران لەناو دەبات. 

عراقچی ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە کرد و ڕوونی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە و بەردەوامیی بوونی، بەو مەرجەیە کە هیچ هەنگاوێکی دوژمنکارانە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگیرێتەبەر. تەنانەت ئەوەش کە پێی دەگوترێ میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیش دەبێ ڕابگیرێت. بە پێچەوانەوە ڕێککەوتنامەکە جێبەجێ ناکرێت و ئێران لە کاتی خۆیدا هەڵوێست و کاردانەوەی خۆی دیاری دەکات.

عراقچی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی بکاتەوە؛ بە مەرجێک لایەنی بەرانبەریش سەبارەت بە چارەسەری دیپلۆماسی، ڕاستگۆ و جدی بێت. ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دادوەران بەڕێوە دەچێت؛ بە بڕوای من، هەڵوێستەکان لە ئەنجوومەنی دادوەراندا سەبارەت بەم بابەتە زۆر یەکلاکەرەوە دەبن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment