ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران: ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم، پشتگوێخستنی یاسای پەرلەمانە

ڕێککەوتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کاردانەوەی توندی لە پەرلەمانی ئێران لێ کەوتووەتەوە.
چوارشەممە، 10ـی ئەیلوول 2025، جەواد حوسێنی کیا، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، بە ماڵپەڕی 'دیدبان ایران' ـی ڕاگەیاند "ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم، پێچەوانەی یاسای پەرلەمانە و وەزارەتی دەرەوە بەم ڕێککەوتنە، یاسای پەرلەمانی پشتگوێ خستووە".
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی ئێران، گوتی: ئەو لێکگەیشتنانەی لەو ڕێککەوتنەدا کراون، لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوەن؛ چونکە یاسای پەرلەمان بە ڕوونی دەڵێت "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو ئاژانسەدا دەبێت بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بێت."
حوسێنی کیا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، کە داوای کردبوو ڕێگە بە پشکنەران بدرێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆمبارانکراوەکان بکەن، دەڵێت: یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێمە ئەوەیە کە بەپێی ڕێککەوتنەکەی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ئاژانس و لێدوانەکانی ئەم دواییەی گرۆسی، ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانس دەدرێت سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکەن! لە کاتێکدا بە گوێرەی یاسای پەرلەمان، ئاژانس مافی نییە چاودێریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە بکات تا ئەو کاتەی گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی ناوەندەکان و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەدات. کەچی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، لە قسەکانی ئەم دواییەیدا بانگەشەی کردووە کە دەبێت ڕێوشوێنەکانی پێشووی چاودێری بەسەر ئێراندا، وەک خۆیان بمێننەوە.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان، بە جەختکردنەوە لەوەی کە دەبوو ئاژانس هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێرانی شەرمەزار بکردایە و داوای لێبوردنی بکردایە، گوتی: ئەگەر ئێمە ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و ئەندامی ئاژانسی وزەی ئەتۆمین، بۆ دەبێت پەلاماری دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بدرێت؟ ئایا کاری ئاژانسی وزەی ئەتۆم تەنیا ئەوەیە زانیارییە نهێنییەکانمان بداتە CIA و مۆساد؟ ئێمە ئاگادارین کە ئاژانس بە دڵنیاییەوە زانیاری دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی داوەتە مۆساد، چونکە گرۆسی خۆی بریکاری موسادە و ئێمە داوای دادگاییکردنی دەکەین.
حوسێنی کیا، دەربارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، ئێمە پێمان وایە دانوستان هەمیشە بۆ کات کوشتنە و بۆ ئەوەیە کە دوژمنان خۆیان ڕێک بخەنەوە. ئێمە هەر کاتێک کارتێکی بەهێزمان بەدەستەوە بووە، دوژمنان ویستوویانە بە دانوستان لێمانی بسەننەوە. دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هەمیشە زیانبەخش بووە بۆ ئێمە؛ مەگەر ئەوان لەکاتی دانوستاندا پەلاماری ئێمەیان نەدا و هێرشیان نەکردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان؟ ئەگەر ئەوان بڕوایان بە دانوستان بوایە، ئەمەریکا هێرشی نەدەکردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان و ڕێگەی بە ئیسرائیل نەدەدا دەستدرێژیی بکاتە سەر خاکی ئێمە.
ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە دوایین بارودۆخی پرۆژەیاسای کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، ڕایگەیاند "هێشتا دەقی کۆتایی ئەم پرۆژە یاسایە ئامادە نەکراوە؛ بەڵام ئەگەر میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا بکرێت، ئێران چەندین کاردانەوەی دەبێت، کە بە دڵنیاییەوە یەکێکیان کشانەوە دەبێت لەو پەیماننامەیە."