چەند تێبینییەک سەبارەت بە ڕێککەوتنی نوێی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جێبەجێنەکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانە، چەند خاڵێکی ڕێککەوتنەکەش ئێرانی نیگەران کردووە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران،  چوارشەممە 10ـی ئەیلوول 2025، بڵاوی کردووەتەوە "ئەگەر میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان جێبەجێ بکرێت و سزاکان بگەڕێنەوە، ئەم هەنگاوە کردارییانەی ئێران هەڵدەوەشێنەوە. بۆیە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی تەواوی ئەم ڕێککەوتنە، جێبەجێنەکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانە."

سێشەممەی ڕابردوو عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایانگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک. سەبارەت بەم ڕێککەوتنە دەکرێت ئاماژە بە چەند تێبینییەک بکرێت:

1- بە گوێرەی یاسای پەسەندکراوی پەرلەمان، دوای دەستدرێژیی سەربازیی 12 ڕۆژە لە حوزەیران و تەممووزی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئێران هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەساردبوو؛ هەڵوێستێک کە بە لەبەرچاوگرتنی بێهەڵوێستی و تەنانەت مامەڵەی خراپی ئاژانس سەبارەت بەم هێرشە، بە تەواوی لۆژیکییە. ئەم ڕێککەوتنە، چوارچێوەیەک بۆ هاریکاریی داهاتوو لەگەڵ ئاژانسدا دابین دەکات.

2- گرۆسی، لە بەشێک لەو بەیاننامەیەی کە ئەمڕۆ سەبارەت بەم ڕێککەوتنە بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی "لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕێکارە پارێزەرییەکانە و گشتی نییە و بڵاو ناکرێتەوە" ئەمەش بەو مانایەیە کە ناوەرۆکی سەرجەم ڕێککەوتنەکە بڵاو ناکرێتەوە، چونکە ئەمە ڕێککەوتنێکی «تەکنیکی و کردەییە»ە.

3- ڕێککەوتنەکە ، لە ژێر چەتری پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دایە و لەوە زیاتر نییە.

4- گرۆسی دەڵێت "ڕێککەوتنەکە هەموو دامەزراوەکانی ئێران دەگرێتەوە و ڕاپۆرتدانی پێویست سەبارەت بەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر و ئەو ماددە ئەتۆمییانەی تێیاندایە، پێشبینی کراوە." بەڵام عراقچی دەڵێت "ئێستا هیچ دەستڕاگەیشتنێکی نوێ بە پشکنەران نادرێت، مەگەر لەبارەی وێستگەی بوشەهرەوە لە کاتی گۆڕینی سووتەمەنییدا."

بۆیە، بەپێی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێستا ڕێککەوتنەکە مافەکانی ئێران لە کۆنترۆڵکردنی دەستڕاگەیشتنەکان و پاراستنی ئاسایشی دامەزراوەکاندا دەستەبەر دەکات و تەنها چوارچێوەیەکی تەکنیکی بۆ ڕاپۆرتدانی داهاتوو و وتووێژەکانی ئاییندە دابین کردووە.

5-وەک لە لێدوانەکانەوە وا دەردەکەوێت، ڕێککەوتنەکە تەکنیکی و قۆناغبەندییە، نەک دەستڕاگەیشتنی تەواو و دەستبەجێ. ئێران چوارچێوەکە قبووڵ دەکات بەڵام کۆنترۆڵی ئاسایشی دامەزراوەکان دەهێڵێتەوە.

هێرشەکانی ڕابردوو و هەستیاریی ئەمنیی ئێران، بوونەتە هۆی ئەوەی کە ڕێککەوتنەکە مەرجی تایبەتی ئەمنی و سیاسیی لەگەڵدا بێت. ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی و مامەڵەیەکی کارپێکردن بێتە ئاراوە، بەبێ ئەوەی ئێران هەست بکات ئاسایشی ناوخۆیی یان مافی سەروەرییەکەی کەوتووەتە مەترسییەوە.

6- لە لێدوانەکانی عێراقچی و هەروەها تا ڕادەیەک لە لێدوانەکانی گرۆسی، وا دەردەکەوێت کە ڕێککەوتنی ئەم دواییە چوارچێوەیەکی کردەیی تەکنیکییە بۆ گەڕانەوەی هاریکارییەکان، بەڵام جێبەجێکردنی بە شێوەی پلەبەندی و لە ژێر بارودۆخی ئەمنی و سیاسییدا دەبێت. 

 
Fly Erbil Advertisment