سوودانی: ڕووبەڕووی ئەوکەسانە دەبینەوە کە 'ڕق و کینە' لەنێو کۆمەڵگا دەچێنن
سوودانی "پاراستنی متمانە، ئەرکی سەرەکی هەموو بەرپرسانە"

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی کرد کە "فیتنە و ڕق" لە وڵاتدا دەچێنن، جەختی لەسەر پێویستی بەرەوپێشبردنی بەهاکانی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی لە میانەی ئاهەنگی لەدایک بوونی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەربێت) کە لە لایەن وەقفی سوننە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورە، دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ بوژاندنەوەی بەها ئەخلاقییەکان و پابەندبوون بە فێرکارییەکان لە ژیانی گشتیماندا.
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی متمانە ئەرکی سەرەکی هەر بەرپرسێکە، بە ئاماژەدان بە پێغەمبەر 'محەممەد' "ڕاستگۆ و دەستپاک" بووە، جەختی کردەوە، متمانە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز دەکات بۆ زامنکردنی مافەکانی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی یاسا بەبێ لایەنگریی و خۆشەویستی بۆ لایەک.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەت پابەندە بە هەوڵدان بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگەکان، داوای دوورکەوتنەوە لە دروستکەرانی فتنە و بازرگانی پێوەکردنیان کرد، کە سوود لە ئازاری هاووڵاتیان وەردەگرن و هەوڵی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدەن.
محەممەد شیاع سوودانی، هۆشداری دا لە چاندنی ڕق و کینە و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، گوتیشی: بڕیاری گەل و ڕاستییەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، مایەپووچبوونی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە هەوڵی زیانگەیاندن بە کۆمەڵگا دەدەن.
ڕاشیگەیاند، لادان لە ڕێبازی پێغەمبەر بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕق و دوژمنایەتی لەنێو وڵاتانی ئیسلامیدا، تیشکی خستە سەر دۆخی سووریا، یەمەن، سوودان، لیبیا، سۆماڵ و ئەفغانستان، هەروەها دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لوبنان، ئێران و قەتەر.
سوودانی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامی و بایەخی سەقامگیری ناوخۆ کردەوە و داوای بەردەوامی ئاسایش و ئارامی لە عێراق کرد.