خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی کەرکووک: بازاڕمان وەستاوە
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە 45 ڕۆژی داهاتوودا هاوردەکردن و فرۆشتنی مریشکی بەستوو لە سەرتاسەری وڵات قەدەغە دەکرێت. ئەم بڕیارە بە ئامانجی پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی و گەشەپێدانی کەرتی پەلەوەر لە وڵاتدا دێت.
لە کاتێکدا ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کێڵگە پەلەوەرییە ناوخۆییەکان دادەنرێت، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای کەرکووک نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ بازگەکان. بە گوتەی ئەوان، بازگەکان ڕێگە نادەن مریشک بنێرن بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، هاوکات ڕێگریش لە هاتنەژوورەوەی مریشک بۆ ناو کەرکووک دەکەن، ئەمەش بازاڕی ناوخۆیی و جووڵەی بازرگانی پەلەوەری پەک خستووە.
لە دوای بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی بۆ قەدەغەکردنی مریشکی بەستوو، ژمارەیەک خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر سەردانی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم کێشانە.
حاجی نازم محەممەد، بازرگانی مریشک، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "هەناردەکردنی مریشک بۆ باشووری عێراق، دەتوانێت نرخی مریشک لە کەرکووک بەرزبکاتەوە و خاوەن کێڵگەکان سوودێکی باشی لێ ببینن."
ئێستا نرخی مریشک جێگیر نییە و وەک خاوەن کێڵگەکان دەڵێن، پەیوەستە بەو پارەیەی وەک "سەرانە" لە بازگەکان لە مریشک فرۆشەکان وەردەگیرێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەیوب دەروازە، مریشک فرۆشێک لە کەرکووک، ئاماژەی بەوە دا، "دەست بەسەر مریشکی هاوردەکراو لە بازگەکانی کەرکووک دەگیرێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هێنانە ژوورەوەی نادرێت. ئەگەر بهێندرێتە ناوشاریش ڕووبەڕووی مەفرەزەکانی ناوشار دەبینەوە، ئێستا هیچ مریشکێکمان نییە بۆ فرۆشتن."
لە کەرکووک نزیکەی هەزار کێڵگەی پەلەوەر هەیە کە دەتوانن مریشکی پێویست بۆ شارەکە و بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی عێراق دابین بکەن، بەڵام وەک خاوەنەکانیان دەڵێن؛ بەو مەرجەی لە بازگەکان ڕێگرییان لێ نەکرێت. ئەم کێشانە مەترسی لەسەر سەرکەوتنی بڕیاری قەدەغەکردنی مریشکی بەستوو دروست دەکەن، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ جووڵەی پەلەوەر لە نێوان پارێزگاکاندا نەدۆزرێتەوە.