کوالێتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کوردستان ڕکابەری پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی جیهان دەکەن

لەناو سەدان کۆمپانیا و هەزاران پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێشبڕکێی ساڵانەی خەڵاتی موڵک کە 32 ساڵ بەدوای یەک لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەهەولێر سێ خەڵاتی نێودەوڵەتی لەبواری(باشترین دیزاین ، باشترین خزمەتگوزاری و باشترین پڕۆژەی بازرگانی) بردەوە .
پێشبڕکێی موڵک ، پێشبرکێیەکی ساڵانەیە کە لەنێوان کۆمپانیاکانی بواری خانوبەرە ڕێکدەخرێت، پێشبرکێی موڵکی ئەورووپا لە لەندەن و پێشبڕکێی موڵکی ئاسیا لە تایلەند، هەروەها موڵکی عەرەبی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوبەی بەڕێوەدەچێت.
دامەزراوەی ئیپاکس گلۆباڵ کە سەرپەرشتی پێشبڕکێکە دەکات، لەماوەی ساڵێکدا وردەکاری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەبوارەکانی هۆتێل، بازرگانی ، نیشتەجێبوون لە کۆمپانیاکانی بواری خانوبەرە وەردەگرێت و لەلایەن 100 دادوەری نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندن بۆ باشترین پڕۆژەکانی خانوبەرە لە بوارەکانی( دیزاین ، تەلارسازی ، دیزاینی ناوەوە، خزمەتگوزاریی ، بازرگانیی ، دۆستی ژینگە و گەشەپێدان) و چەندین بواری دیکە دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو 1510 کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارییان لە پێشبرکێکەدا کردووە و ئەمساڵ ژمارەی کۆمپانیاکان زیاترە.
41 پانێڵ لەبارەی زانستی ئەندازیاری کۆن و نوێ و نوێترین دیزان و پەرەسەندنەکان لەبواری تەلارسازی لە پێشبڕکێکە پێشکەش کران، لەو پێشبڕکێیە لێهاتووترین و ناودارترین ئەندازیار و کۆمپانیاکانی بواری خانوبەرە، ساڵانە بەشداریی دەکەن.
لەناو سەدان کۆمپانیا و هەزاران پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، خەڵاتی یەکێک لە باشترین دیزاین ، باشترین خزمەتگوزاری و بازرگانی بە یەکێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر بەخشرا.