ئیبراهیم بڕۆ: ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەڵە بوو

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، کورد بە هیچ شێوەیەک لە سووریا داوای سەربەخۆیی نەکردووە، هاوکات ڕەخنە لە ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەگرێت ئاماژەی دا، دەبێت لایەنی سیاسی لەگەڵ دیمەشق ڕێکبکەون نەوەک سەربازی؛ هاوکات پێشوازی لە بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە دوو پارێزگای ڕەققە و حەسەکە کرد.
شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم بڕۆ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە بە کوردستان24 گوت: بە دڵنیایەوە هیچ لایەنێک لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەکردووە؛ هاوکات ئێستا دۆخێکی جیاواز و ئەرێنی بۆ کورد لە سووریا دروست بووە، حکوومەتی ئێستای سووریا دەرفەتی داوە کورد لە ڕێگەی دەستوور و گفتوگۆوە مافەکانی بەدەست بهێنێت.
ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە ڕەخنە لە ڕێککەوتنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سەرۆکی سووریا دەگرێت و ئاماژەی دا، ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەڵە بوو، چونکە سەرەتا دەبێت ڕێککەوتنی سیاسی بکرێت.
ئیبراهیم بڕۆ دەشڵێت: نەدەبووایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتنی لەگەڵ دیمەشق بکردایە، بەڵکوو دەبووایە شاندێکی گشتگیری سیاسی کوردی گفتوگۆی لەگەڵ دیمەشق بکردایە و پارێزگاری لە مافەکانی کورد و نوێنەرایەتی هەموو کورد لە سووریا بکردایە، چونکە بەو شێوەیە پرسی کورد بە سەربازی کراوە.
باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی دیمەشق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد کۆنەبوونەتەوە، چەندین جاریش داوایان کردووە لەگەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی کورد کۆببنەوە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە سووریا چارە بکرێت.
ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە پێشوازی لە بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە دوو پارێزگای ڕەققە و حەسەکە کرد و گوتی: ئەم بڕیارە بە مەبەستی چارەسەر بوو، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بنێرنە پەرلەمانی سووریا.
ڕۆژی شەممە 23ـی ئابی 2025، نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا ڕایگەیاندبوو، لە پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووز لە باشوور و لە ڕەققە و حەسەکە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت، تاوەکوو بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە جێگیر دەبێت.
لە 10ی ئادار، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سووریای دووپات کردەوە و دابەشکردنیشی ڕەتکردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.