ناتانیاهۆ: کوشتنی سەرکردەکانی حەماس کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حەماس لە قەتەر دڵخۆش نەبوو؛ هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەو بارەوە ئاماژەی دا، کوشتنی سەرکردەکانی ئەو گرووپە، واتە کۆتاییهێنان بە شەڕ.
شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە و سەرۆکی وڵاتەکەی بە هێرشەکان دڵخۆش نەبووین، بەڵام "ئەوەی ڕوویدا، ڕوویدا."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ئەو هێرشانە بۆ سەر قەتەر، کاریگەر ناکاتە سەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەوە دەکەن، ئاماژەشی دا، سەرەتا پێویستی شەڕی غەززە چارەسەر بکەن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: لەنێوبردنی سەرکردەکانی حەماس ئاستەنگەکانی بەردەم کۆتاییهێان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بەرمتەکان ناهێڵێت.
ئاماژەشی داوە، ئەو سەرکردانە بۆ خۆیان لە قەتەر دەژین و هیچ گرنگییەک بە هاووڵاتییانی غەززە نادەن، هاوکات ڕێگری لە هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.