سزای توندی ئەو کەسانە دەدرێت دیوار و شوێنە گشتییەکان بۆ ڕێکلامکردن بەکاربێنن

لە هەولێر هەڵمەتێکی چڕ بۆ سڕینەوە و لابردنی نووسین و ڕێکلامکردن لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە و سەرۆک شارەوانی ئاماژە بەوە دەکات، سزای دارایی ئەو کەسانە دەدەن، کە ئەم کارە دەکەن.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: هەڵمەتێکی چڕیان لە سنووری شارەوانی دەستپێکردووەتەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی ڕێکلامی نایاسای لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکان نووسیوە.
سەرۆک شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لەمە بەدوا هەموو ئەو شوێنانەی ئاگادار کراونەتەوە لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەمان سەرپێچی بەتوندی سزا دەدرێن، چونکە دەبنە هۆی ناشیرینکردنی سیمای شار و بزربوونی تابلۆ گشتییەکان.
کارزان هادی، گوتی: پێشووتریش هەڵمەتی لەو شێوەیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەمجارە پێ بژاردنی لەگەڵ دەبێت.
بەشێک لە خاوەنکارەکان دیواری سەر شوێنە گشتییەکان بەکاردێنن بۆ ڕێکلامکردن، سەرەڕای ئەمەش وەزارەتی پەروەردە چەند جارێک هۆشداری داوە لە بەکارهێنانی دیواری قوتابخانەکان بۆ نووسین و ڕێکلامکردن.