320 ملیارەکەی مووچەی فەرمانبەران گەیشتە ھەولێر

دابەشكردنی مووچە دەست پێدەكات

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ حكومەتی عێراق 320 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی رەوانەی ھەولێر كرد.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە کوردستان24 راگەیاند: "حكومەتی عێراق 320 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد و پارەكە گەشتە هەولێر".

بەگوێرەی زانیارییەكان وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رۆژانی داھاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكات.

بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، دەبێ مانگانە حكومەتی عێراق 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی ناردنی ئەم بڕە پارەیە لەلایەن حكومەتی عێراق دواخراوە.