میری قەتەر: دەبێت ڕێگری لە چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکەین

میری قەتەر ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و ڕێگریکردن لە فراوانکردنی چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن، دەشڵێت ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدات.
دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، تەمیم بن حەمەد سانی، میری قەتەر لە لووتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامییەکان ڕایگەیاند، دەوحە دووچاری هێرشێکی خیانەتکارانە بووەوە، ئەو هێرشانە پێشێلکاری جیددی و ئاشکرای سەروەری وڵات بوو؛ هاوکات میری قەتەر هێرشەکانی ئیسرائیلی بە ترسنۆکانە نێوبرد.میری قەتەر باسی لەوەش کرد، بڕیاریان داوە ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل ببنەوە، بۆ ئەمەش هەوڵی بەدەست هێنانی پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن.
تەمیم بن حامد سانی، ئاماژەشی دا، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر وڵاتێکی نێوەندگیر و شاندی دانوستانکار هەوڵدەدات، ئاستەنگ بۆ ئەگەربەستی غەززە دروست بکات، چونکە شاندی حەماس پێشنیازەکانی ئاگربەستییان لە قەتەر تاوتوێ دەکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل دەیەوێت ژیان لە غەززە نەهێڵێت، ئەو شەڕەش بۆ فراوانکردنی چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە و لەنێوبردنی هاووڵاتییانی غەززە بەکاردەهێنێت؛ گوتیشی: ئەو وڵاتە دەیەوێت "أمر واقع" بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا بسەپێنێت.
میری قەتەر دەشڵێت: ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی سووریا و تێکدانی سەقامگیری لوبنان دەدات، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین ڕێگری لە لەو وڵاتە بکەین.
ڕۆژی سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە شاندی دانوستانکاری حەماس بە ئامانج گیرا.