پزیشکیان: هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل پارێزراو نییە

سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە ئیسرائیل لە داهاتوو هێرش بکاتە سەر هەر وڵاتێک لە ناوچەکە، بۆیە دەبێت هەموویان هێزەکانیان یەکبخەنەوە ئامادەی هێرشەکان بن، دەشڵێت: ئەو چالاکییانەی ئیسرائیل بەهۆی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لووتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامییەکان گوتی: هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل پارێزراو نییە، بۆیە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە یەکخستنی ڕیزەکانمان.
گوتیشی: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، کە ئامانج لێی تێکدانی هەوڵەکانە بۆ ئاگربەستی غەززە. دەشڵێت: ئەو هێرشانە دەرەنجامی سزانەدانی ئیسرائیلە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی ئێران باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە و بە بیانووی بەرگری لە خۆییان هێرشی کردووەتەوە سەر چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیلی، بۆیە پێویستە خۆیان بۆ هەر هێرشێکی داهاتووی ئەو وڵاتە ئامادە بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە قەتەر لووتکەی سەرکردەکانی عەرەبی و ئیسلامی لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.