ئەمەریکا و بەریتانیا چەند گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە 10 ملیار دۆلار واژۆ دەکەن

بەرپرسانی بەریتانیا و ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە لە میانی سەردانی، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەریتانیا، هەر دوو وڵات چەند گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە بواری تەکنۆلۆژیا و پرۆژەی ئەتۆمیدا واژۆ دەکەن.
دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە داهاتوو سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی ئەمەریکا یاوەریی دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمەریکا، لەنێو ئەو بەڕێوەبەرانەدا، سەرۆکی کۆمپانیای گەورەی بواری چیپ "Nvidia" و کۆمپانیای دروستکەری "ChatGPT" واتە "OpenAI" ئامادە دەبن.
ئاماژەشی داوە، ئەم سەردانەی ترەمپ بۆ بەریتانیا جەخت لە هاوبەشییەکی نوێی زانستی و تەکنۆلۆژی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکاتەوە کە وەبەرهێنانی نوێ بە ملیارەها دۆلار لە خۆ دەگرێت. گوتیشی: ئێمە پێشبینی دەکەین وەبەرهێنانەکە بگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
هەروەها حکوومەتی بەریتانیاش لەو بارەوە ڕایگەیاند کە هەر دوو وڵات ڕێککەوتنێک بۆ خێراکردنی گەشەپێدانی پرۆژە نوێیەکانی وزەی ئەتۆمی واژۆ دەکەن. ئەم هاوبەشییە بەڵێنی پەسەندکردنی خێراتری ڕێکارەکان و چەندین گرێبەستی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بۆ پرۆژە ئەتۆمییەکان دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەریتانیا هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سفرکردنەوەی کاربۆن و دابینکردنی ئاسایشی وزە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی کۆشکی 'باکینگهام' ئێوارەی سبەی سێشەممە، 16ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و هاوسەرەکەی میلانیا ترەمپ، سەردانی بەریتانیا دەکەن و سێ ڕۆژ لەو وڵاتە دەمێننەوە و سەردانەکەیان لە 18ـی ئەیلوول کۆتایی دێت.